رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا بەبێ بەشداریکردنی لامین یامال، چوارەم یاریی خۆی لە لالیگادا ئەنجامدەدات و بەرامبەر یانەی ڤالێنسیا یاری دەکات.
لە درێژەی یارییەکانی گەڕی چوارەمی خولەکەدا، بارسێلۆنا لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر ڤالێنسیا یاری دەکات و یانەکە چاوی لە تۆمارکردنی سێیەم بردنەوەیە.
بەر لەم یارییە لامین یامال، ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا تووشی پێکانبووە و لە دوایین مەشقەکانی یانەکەدا بەشداریی نەکردووە و لەم یارییەدا ئامادەنابێت، جگە لەو یاریزانە فرێنکی دییۆنگیش بەهۆی پێکانەوە یاری ناکات.
بارسێلۆنا یەکەم یارییە لە یاریگەی خۆیدا ئەنجامدەدات، بەڵام لە یاریگەی یۆهان کرۆیف دەبێت کە تیپی خانمانی یانەکە لەو یاریگەیە یاری دەکات و تەنیا 6 هەزار هاندەر دەتوانن لە یاریگەکەدا سەیری یارییەکان بکەن.
وەرزی رابردوو بارسێلۆنا بە دوو یاری 12 گۆڵی بەرامبەر ڤالێنسیا تۆمارکرد و لە یاریگەی خۆیدا 7-1 لەو یانەیەی بردەوە.
لە 2020ـەوە بارسێلۆنا 11 یاریی بەرامبەر ڤالێنسیا کردووە، هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و دوایین دۆڕانی بەرامبەر ئەو یانەیە لە وەرزی 2019-2020 بووە.
بارسێلۆنا تاوەکو ئێستا لەم وەرزەی لالیگادا دوو بردنەوە و یەکسانبوونێکی هەیە، ڤالێنسیا لە سێ یارییدا، بردنەوەیەک، یەکسانبوونێک و دۆڕانێکی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ