ئاکرێ بووە پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئاکرێ مێژووی تۆمارکرد و بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بووە پاڵەوانی خولی یانە نایابەکانی کورستان. هەردوو یانەی دهۆک و سۆرانیش ماڵئاواییان لە خولەکە کرد و بۆ خولی یانەی پلەیەکەکانی کوردستان دابەزین.
 
یانەی ئاکرێ لەدواگەڕی خولی نایابی کوردستاندا لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا رووبەڕووی یانەی چوارقوڕنە بووەوە و نەیتوانی لێیبباتەوە، یارییەکە بە ئەنجامی 0-0 کۆتاییهات، بەڵام سوودی لە ئەنجامی یاریی هەردوو رکابەرەکەی پێشمەرگەی هەولێر و شێروانە وەرگرت، کە ئەو یارییەش بەهەمان ئەنجام کۆتاییهات و دەرئەنجام ئاکرێ بووە پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان.
 
ئەمە جاری یەکەمە یانەی ئاکرێ لە مێژووی خۆیدا ببێتە پاڵەوانی کوردستان، کە لە 30 یارییدا توانی 50 خاڵ کۆبکاتەوە، دوای ئەوەی 13 یاری بردەوە، لە 11 یارییدا یەکسانبوو، 6 یارییش دۆڕا.
 
پێشمەرگەی هەولێر، بە کۆکردنەوەی 49 خاڵ بووە دووەمی خولەکە، دوای ئەوەی لە 30 یارییدا توانی 49 خاڵ کۆبکاتەوە، لە 13 یاری بردەوە، لە 10 یارییدا یەکسانبوو، 7 یارییش دۆڕا.
 
پلەی سێیەمیش بۆ یانەی شێروانە مایەوە، کە بە 12 بردنەوە و 12 یەکسانبوون و 6 دۆڕان 48 خاڵی کۆکردەوە.
 
هەردوو یانەی  دهۆک و سۆران بۆ خولی پلەیەکی کوردستان دابەزین، دوای ئەوەی بە پلەی پانزدەم و شانزدەمی ریزبەندی هاتن.
 
دهۆک 36 خاڵی کۆکردووەتەوە و یانەی برایەتی، ئارارت و شەقڵاوە هەمان ژمارەی خاڵیان هەبوو، بەڵام بە جیاوازی 3 گۆڵ پلەی دوانزدە و سیانزدە و چواردەمیان گرت و توانیان لە خولی نایابی کوردستان بمێننەوە. سۆرانیش تەنیا 30 خاڵی کۆکردە و و وەک دوا یانەی ریزبەندییەکە ماڵئاوایی لە خولی نایابی کوردستان کرد.
 
دانا کامەران، یاریزانی یانەی پێشمەرگەی هەولێر، بە تۆمارکردنی 18 گۆڵ، بووە گۆڵکاری کوردستان. دلێر حاتەمی گۆڵپارێزی یانەی هەندرێنیش 17 کلین شیتی هەبوو.