هێلی لەڤ بۆ رووداو: رۆناڵدینهۆ و فیگۆ دێنە کوردستان

15-11-2016
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هێلی لەڤ
A+ A-

رووداو - هەولێر

چەند رۆژێک پێش ئێستا گۆرانیبێژی بەنێوبانگی کورد هێلی لەڤ لەسەر داوای فەرمی ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکوەزیرانی پۆرتوگال سەردانی ئەو وڵاتەی کرد بۆ بەشداریکردن لە پانێلی وێب سۆمیت و هێلی لە پۆرتوگال بەشداریی لە دوو پانێلدا کرد و لە چوارچێوەی بەشداریکردنیشی لەو پانێلانەدا چاوی بە دوو ئەستێرەی پێشووی جیهانی تۆپی پێ کەوت و باسی کوردی لەگەڵ کردن.

هێلی لەڤ، چاوی بە رۆناڵدینهۆ گاوچۆ دی ئاسیس، ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێی بەرازیل و یانەکانی بارسێلۆنا، ئەیسی میلان و لویس فیگۆ، ئەستێرەی پێشووی پۆرتوگال و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی کەوت.



هێلی لەڤ باسی بینینی ئەو دوو ئەستێرەی تۆپی پێی جیهان بۆ رووداوی وەرزشی دەکات و دەڵێت لەگەڵ ئەوان باسی کوردستان و شەڕی پێشمەرگە لەگەڵ داعشی کردووە و رایگەیاندووە، باسی کوردستان و رۆڵی پێشمەرگەم بۆ کردن لە دژی داعش، بەڕاستی کاتێک ئەوان زانیان کوردستان لە شەڕدایە زۆر خەمباربوون و داوای یەکگرتنیان لە کورد کرد.



پۆپ ستارەکەی کورد، لە بارەی گفتۆگۆیەکەی لەگەڵ رۆناڵدینهۆ و فیگۆ، زیاتر قسەی بۆ رووداوی وەرزشی کرد و گوتی " هەرچەند کاتێک لەگەڵ رۆناڵدینهۆ باسی کوردستانم کرد، ئەو هیچ زانیارییەکی لەسەر کورد نەبوو، نەیدەزانی کوردستان لە کوێیە؟ بەڵام کاتێک زیاتر قسەمان کرد و پێمگوت تۆ لە کوردستان خاوەنی هاندەرێکی زۆریت زۆر بەوە سەرسام بوو. 


هێلی باسی ئەوەشیکردووە ئەو داوای لە رۆناڵدینهۆ کردووە سەردانی کوردستان بکات بۆ ئەوەی لە نزیکەوە توانای وەرزشوانانی کورد ببینێت کە ئەوان چەند بەهێزن، بەڵام دەرفەتیان کەمە، هەروەها داوای لێکردووە وەک یاریزانێکی بەنێوبانگی تۆپی پێ سەردانی ئاوارەکان بکات و هاوکاریان بکات.



هێلی لەڤ لەگەڵ رۆناڵدینهۆ باسی شەڕی پێشمەرگە لەگەڵ داعشی کردووە و دەڵێت، کاتێک بەو یاریزانەم گوت، کوردستان لە شەڕێکی قوڕسدایە زۆر بەوە خەمباربوو و داوایکرد کورد یەکگرتوو و بەهێزبن و گوتیشی زۆر حەزدەکەم رۆژێک لە رۆژان کوردستان ببینم.

هەر لە چوارچێوەی بەشداریکردن لە پانێلی وێب سۆمیت سۆپەر ستاری کورد چاوی بە لویس فیگۆی ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێی پۆرتوگالیش کەوتووە و لەگەڵ ئەو یاریزانە باسی ئەپلیکەیشنی دریم فوتبووڵیان کردووە کە فیگۆ خاوەنییەتی و هاوکاری ئەو وەرزشوانانە دەکات کە دەیانەوێت ببنە یاریزان و دەڵێت "داوام لە فیگۆ کردووە بێت بۆ کوردستان بۆ ئەوەی وەرزشوانانی کوردیش سوود لەو ئەپلیکەیشنە وەربگرن بۆ ئەوەی زیاتر پەرە بە تواناکانیان بدەن و ببنە یاریزانی بەهێز".



گۆرانیبێژە گەنجە کوردەکە زیاتر گوتی "ئەوەی دڵخۆشی کردم ئەوەبوو کە کاتێک لەگەڵ رۆناڵدینهۆ و فیگۆ باسی کوردستانمان دەکرد ئەوان تیمێکیان لەگەڵ بوو و شتەکانیان دەنووسیووە، لەبەرئەوە لەو باوەڕەدام رۆژێک دێت ئەوان دێنە کوردستان و هاوکاری وەرزشوانان و ئاوارەکانیش دەکەن"

لە کۆتایی قسەکانیدا هێلی لەڤ ئەوەشی بۆ رووداوی وەرزشی ئاشکراکرد کە لەوانەیە جارێکی دیکە ئەو دوو ئەستێرەیە ببینێتەوە و گوتی " لەگەڵ رۆناڵدینهۆ و فیگۆ باسی یارییەکانی جامی جیهانی داهاتووی رووسیامان کرد، لەوانەیە پێکەوە بچین سەیری یارییەکانی ئەو مۆندیالە بکەین. 



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە