رووداو دیجیتاڵ
ئانخێل دیماریا ئەستێرەی ئەرجەنتینی لە هەڤپەیڤینێکی دوورودرێژدا باس لە وێستگە گرنگەکانی ژیانی وەرزشی، بڕیاری وازهێنانی لە هەڵبژاردەی نیشتمانی، یادەوەرییەکانی مۆندیال و کۆپا ئەمریکای کرد. ئەستێرەکەی بێنفیکا بەراورد لەنێوان مێسی و رۆناڵدۆ دەکات و بۆچوونی خۆی لەسەر داهاتووی دوای وازهێنان دەخاتەڕوو.
دیماریا سەبارەت بە رۆژانی دوای وازهێنانی لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین ئاماژە بەوە دەکات، ئێستا وەک هاندەرێک سەیری یارییەکان دەکات و دڵنیایە لەوەی بڕیارەکەی بۆ جێهێشتنی هەڵبژاردەکە لە کاتی گونجاودا بووە.
ئانخێل دەڵێت "بیر لەو ساتانە دەکەمەوە لەگەڵ هاوڕێکانم بووم، ئەو رۆتین و قاوە خواردنەوەی بەیانیان هەمووشتێک بوو بۆم، بەڵام دەمویست لە لووتکەدا وازبهێنم".
سەبارەت بە یارییە کۆتاییەکان و گۆڵە یەکلاکەرەوەکانی، دیماریا باسی لەو ساتە کرد کە پێش یاریی کۆتایی مۆندیالی 2022ـی قەتەر زانیویەتی لە پێکهاتەی سەرەکیدا دەبێت. ئەو دەڵێت "هەستم بە ئارامی دەکرد و دەمزانی شتێکی گەورە روودەدات".
سەبارەت بە گۆڵەکەی بەرامبەر بەرازیل لە کۆپا ئەمێریکای 2021 کە لە یاریگەی ماراکانا تۆماری کرد، ئەوەی خستەڕوو ئەو گۆڵە کۆتاییهێنان بوو بە ساڵانێک لە ئازار و رەخنەی تووند، شێوازی تۆمارکردنی گۆڵەکەشی بە بەرهەمی ساڵانێک لە راهێنان و ئەزموون وەسفکرد.
یاریزانە ئەرجەنتینییە تەمەن 36 ساڵانەکە باسی لە کاریگەری راهێنەرەکان لەسەر ژیانی وەرزشی کرد، بەتایبەت لیۆنێل سکالۆنی و جۆزێ مۆرینیۆ. دیماریا باسی لە متمانەی سکالۆنی کرد و گوتی "لە یارییە کۆتاییەکاندا داوام لێدەکرد گۆڕانکاریم پێنەکات، ئەمەش متمانەی نێوانمان دەردەخات".
سەبارەت بە مۆرینیۆ لە ریال مەدرید، جەختی لەوە کردەوە راهێنەرە پۆرتوگالییەکە فێری کردووە چۆن بەرگری بکات و سوود لە بۆشاییەکان وەربگرێت لەکاتی هێرشی هەڵگەڕاوەدا.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دیماریا بەراوردی نێوان لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆی کرد. هەرچەندە دانی بەوەدانا کە هەردووکیان مێژوویین، بەڵام لایەنگریی خۆی بۆ هاونیشتمانییەکەی نەشاردەوە و گوتی "مێسی بەجیاوازییەکی زۆر لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ باشترە". دیماریا پێیوایە رکابەریی نێوان ئەو دوو ئەستێرەیە ئاستی هەردووکیانی بەرزکردەوە، بەڵام کاریگەری مێسی لەسەر یاری و دروستکردنی یاری جیاوازە.
سەبارەت بە داهاتووی، دیماریا ئاشکرایکرد بیر لە وادەی وازهێنانی یەکجارەکی لە تۆپی پێ دەکاتەوە و رەنگە رووبکاتە کاری راهێنەرایەتی، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە. ئەو دەڵێت "ئەزموونی زۆرم هەیە لەگەڵ باشترین راهێنەرەکان و دەتوانم سوودی لێ وەربگرم، بەڵام ئێستا دەمەوێت چێژ لە دوا ساتەکانی یاریکردنم وەربگرم".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ