رووداو – ئەرسەلان عەبدوڵڵا
ئەندامێكی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی یەكێتیی تۆپی پێی عێراق ئاشكرای كرد، هەڵبژاردنەكانی یەكێتیی تۆپی پێی عێراق بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.
سەفین كانەبی كە هاوكات سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان و ئەندامی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی یەكێتیی تۆپی پێی عێراقە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ نووسراوێك لە یەكێتیی تۆپی پێی ئاسیا هاتووە، كە رەزامەندیی دەربڕیوە بە دواخستنی هەڵبژاردنەكان سەرۆك و ئەندامانی یەكێتیی تۆپی پێی عێراق بۆ كاتێكی نادیار.
بڕیاربوو 18ی ئەم مانگە هەڵبژاردن بۆ سەرۆك و ئەندامانی نوێی یەكێتیی تۆپی پێی عێراق لە بەغدا ئەنجامبدرێت.
سەفین كانەبی گوتی: "7 كەس لە كۆی 11 كەس لە سەرۆك و ئەندامانی لەسەركارلادراوی دەستەی پێشووی یەكێتییەكە لە 10ی ئەم مانگەدا داوایەكیان پێشكەش بە یەكێتیی تۆپی پێی ئاسیا كردووە و داوایان كردووە كە هەڵبژاردنەكە هەڵبوەشێتەوە و 4 ئەندامی پێشووش واژوویان لەسەر ئەو داواكارییە نەكردووە، كە سێیانیان كوردن.
لەلایەكی دیكە سەرچاوەیەك نزیك لە دەستەی هەڵبژاردنەكان رایگەیاندووە كە هەڵبژاردنەكانی یەكێتیی تۆپی پێی عێراق تا هەڵبژاردنی پەرمانی عێراق لە كۆتایی نیسانی داهاتوو ئەنجام نەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ