رووداو - هەولێر
یەکێتی تۆپی پێی کوردستان سزایەکی قورسی بەسەر یانەی برایەتیدا سەپاند، بەهۆی ئەو شەڕ و ئاژاوەیەی لە یاریی نێوان یانەکە و یانەی هەندرێن روویدا.
یەکێتی تۆپی پێی کوردستان، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا هەموو لێکۆڵینەوەکانی لەبارەی شەڕ و ئاژاوەی یاریی نێوان هەردوو یانەی برایەتی و هەندرێن تەواوکرد و سزایەکی تووندی بەسەر یانەی برایەتیدا سەپاند.
سیروان نەجمەدین، ئەندامی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بە رووداوی گوت، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بڕیارییدا، یانەی برایەتی بە ئەنجامدانی سێ یاریی لەدەرەوەی یاریگەی خۆی بەبێ هاندەر سزابدات، هەروەها یانەی هەندرێنیشی ئاگادار کردووەتەوە کە پێویستە ژمارەی پۆلیس لە یاریگەیەکەدا زیادبکات.
محەممەد کارێزی، پەیامنێری رووداو لە بارەگای یەکێتی تۆپی پێی کوردستان رایگەیاند، جگە لەو سزادانە، یەکێتی تۆپی پێی کوردستان یانەی برایەتی بە پێبژاردنی 2 ملیۆن دیناریش سزادەدات.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 15ـی خولی یانە نایابەکانی کوردستان، لە یاریی نێوان هەردوو یانەی هەندرێن و برایەتی شەڕ و ئاژاوە روویدا و هێرشکرایە سەر ئۆمێد موستەفای ناوبژیوانی یارییەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ