ئاکرێ لەبەردەم دەستکەوتێکی مێژووییدایە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی ئاکرێ خولی پلە سێی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئاکرێ لەبەردەم هەنگاوێکی مێژووییدایە بۆ ئەوەی دەستکەوتێک لەسەر ئاستی عێراق بباتەوە، کە پێشتر هەرگیز نەیبردووەتەوە.
 
ئەمڕۆ لە یاریی کۆتایی خولی پلە سێی عێراقدا، یانەی ئاکرێ لەنێو یاریگا و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی هندییە یاریی دەکات. یانەکە ئامادەکارییەکی زۆری بۆ ئەم یارییە کردووە و دەیەوێت بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا نازناوی ئەو خولە بباتەوە.
 
چەند رۆژێکە ئاکرێ خۆی بۆ ئەم یارییە ئامادەدەکات، سەرجەم ئامادەکارییەکانی لەرووی هونەری و کارگێڕییەوە تەواو بوون و ئەمڕۆ کاژێر 15:30 میوانداریی یاریی کۆتایی دەکات.
 
سەرەتا بڕیاربوو یارییەکە لە بەغدا بەڕێوەبچێت، بەڵام یانەی ئاکرێ ئامادەیی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی یارییەکە بە یەکێتی تۆپی پێی عێراق راگەیاند و یارییەکە گواسترایەوە ئەو شارە.
 
هاندەرانی یانەی ئاکرێ چەند رۆژێکە لە پلاتفۆرمە جیاوازەکانی سۆشیاڵ میدیادا بانگەواز بۆ ئەم یارییە دەکەن و دەیانەوێت زۆرترین هاندەر لە یاریگای یانەکە ئامادەبێت بۆ ئەوەی پاڵپشتیی تیپەکە بکەن و نازناوەکە ببەنەوە.
 
یونس سلێمان، کوردێکی رۆژئاڤای کوردستانە، راهێنەری یانەی ئاکرێیە، لەم وەرزەی خولەکەدا تیپەکە لەژێر سەرپەرشتی ئەو هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و تەنیا یەک هەنگاوی ماوە بۆ بردنەوەی نازناوی خولی پلە سێی عێراق.
 
راهێنەری ئاکرێ بە رووداوی گوت " بەیەک هەفتە کار ناکرێ، کاتێک لە سەرەتاوە دەچیتە نێو رکابەرییەکە پێویستە تیپێکی رکابەر دروستبکەیت، ئێستا وا لە کۆتایی خولەکەداین، تیپەکە و یاریزانەکان ورەیەکی زۆریان هەیە و وایلێهاتووە کەس نازانێت کێ سەرەکییە و کێ یەدەگە، ئەمەش بە هەوڵی یاریزانەکان دروستبووە".
 
سانێ سەلام، یاریزانی یانەی ئاکرێ لەبارەی یارییەکەوە بە رووداوی گوت "هەموومان بەڵێنمان داوە هەموو شتێک بکەین لەپێناو بردنەوەدا، هەست بە دڵەڕاوکێ ناکەین و ئامادەین بۆ یارییەکە".
 
مەردان خدر، سەرۆکی شانازیی یانەی ئاکرێیە، ئەو دەڵێت "ئامانجمان ئەوەیە هەر ساڵێک پلەیەکی خولەکانی عێراق ببڕین، تاوەکو دەگەینە خولی ئەستێرەکانی عێراق. سوپاسی خەڵکی دەڤەرەکە دەکەم کە ئەمساڵ زۆرینەی خەرجییەکانی یانەی ئاکرێیان دابینکردووە".
 
ئاکرێ پێشتر سەرکەوتنی بۆ خولی پلە دووی عێراق مسۆگەرکردووە، یارییەکەی ئەمڕۆی تەنیا رکابەریکردنە لەسەر بردنەوەی نازناوی خولی پلە سێ، ئەگەر ئاکرێ یارییەکەی بردەوە، بەبێ هیچ دۆڕانێک دەبێتە پاڵەوان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە