گالەری

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
16 Photos
محەممەد کارێزی


دوای ئەوەی هاندەرانی یانەی زاخۆ لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (فیفا)، وەک باشترین هاندەری 2025 دەستنیشان کران، لە کوردستان و زاخۆ پێشوازیی گەرم لە بڕیارەکە کرا.
 
هەر زوو هاندەرانی یانەی زاخۆ چوونە نێو یاریگە و ئاهەنگیان گێڕا. دێسکی وەرزشیی تۆڕی میدیایی رووداو لە سەرەتاوە لەگەڵ هاندەران بوون و ئەمڕۆش ئاهەنگەکانی بە راستەوخۆ گواستەوە.
 
رۆژی سێشەممە، 16-12-2025، یانەی وەرزشیی زاخۆ مێژووی نووسییەوە و وەک یەکەم یانەی کوردستانی، عێراقی، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەموو ئاسیا، بووە براوەی خەڵاتی فیفای 2025 بۆ باشترین هاندەر.
 
شانبەشانی زاخۆ، هەریەک لە ئەلیخاندرۆ چیگانۆتۆ، هاندەری یانەی رەیسینگی ئەرجەنتینی و مانوێل کاسێرێس، هاندەری دیار و تەپڵ لێدەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەربژێر بوون.
 
دوای راگەیاندنی بەربژێربوونی زاخۆ، لە هەر چوار پارچەی کوردستان و هەموو ئەورووپا و جیهان، کورد پێکەوە هەڵمەتێکی گەورەیان دەستپێکرد و بە ئۆنلاین دەنگیان بە یانەی زاخۆ دا. دواجار فیفا لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک بە دەنگی جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا پیرۆزبایی لە زاخۆ کرد و بردنەوەی هاندەرانی یانەکەی راگەیاند.
 
یانەی زاخۆ
 
یانەی زاخۆ یان (کوڕانی خابوور) لە 03-06-1987 دامەزراوە و لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بەشدارە.
 
لەم وەرزەی باڵاترین خولی عێراق، زاخۆ لە ریزبەندیی شەشەمدایە؛ 7 یاری کردووە، 4 یاریی بردووەتەوە، 1 یاریی یەکسان بووە و 1 یاریشی دۆڕاندووە. تاوەکو ئێستا 13 خاڵی کۆکردووەتەوە. زاخۆ لەم وەرزەدا 9 گۆڵی کردووە و 4 گۆڵیشی لێکراوە. 
 
وەرزی پێشوو زاخۆ بۆ یەکەم جار لە مێژووی خۆی پلەی سێیەمی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بەدەستهێنا و لە جامی عێراقیش پلەی دووەمی وەرگرت، ئەمەش دوای ئەوەی رۆژی 18-07-2025 لە یاریی کۆتایی جامەکە بەرامبەر دهۆک یارییەکەی بە بێ گۆڵ تەواوکرد و لە لێدانی یەکلاکەرەوە 5-3 دۆڕا.
 
یانەی زاخۆ خاوەن یاریگەیەکی نێودەوڵەتییە کە لە ساڵی 2015 دروستکراوە، جێگەی 20 هەزار هاندەر دەگرێت و 20 ملیۆن دۆلاری تێچووە.