رووداو دیجیتاڵ
لە یارییەکدا کە دوو فەرەنسی تێیدا کۆدەبنەوە، هەردوو یانەی مۆناکۆ و پاریس سانجێرمان رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
یاریی چوونی قۆناخی پاشکۆی چامپیۆنزلیگ لەسەر یاریگەی مۆناکۆ بەڕێوەدەچێت، هەردوو یانە فەرەنسییەکە دەیانەوێت رکابەری لەسەر مانەوە لەنێو گەورەکانی ئەورووپادا بکەن، بەتایبەت پاریس سانجێرمان، چاوی لە پاراستنی نازناوەکەیەتی.
رۆژی دووشەممە مۆناکۆ دوایین مەشقەکانی بۆ ئەم یارییە ئەنجامدا، دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی بە ئەنجامێکی باشەوە یاریی یەکەم تەواو بکات، سەرەڕای ئەوەی دەزانێت ئەرکی زەحمەتە.
مۆناکۆ لە قۆناخی رابردوودا لە 8 یارییدا دوو یاریی دۆڕاند، دوو جار سەرکەوتنی بەدەستهێنا و لە چوار یارییدا یەکسانبوو، بەو شێوەیە وەکو خاوەنی پلەی 21ـی ریزبەند سەرکەوت بۆ ئەم قۆناخە.
مۆناکۆ لەم وەرزەدا لە خولی فەرەنسا، بەرامبەر پاریس سانجێرمان یارییکردووە و بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لێیبردووەتەوە، دەیەوێت ئەمشەو ئەو بردنەوەیە دووبارە بکاتەوە.
یانەی پاریس سانجێرمان، پێچەوانەی وەرزی رابردوو، لەم وەرزەدا لە هەموو رووییەکەوە جیاوازە، ئەوان لە چامپیۆنزلیگدا راستەوخۆ سەرنەکەوتن و لە خولی فەرەنساشدا دوایین یارییان بەرامبەر یانەی رێن دۆڕاند و پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەیان لەدەستدا.
لەگەڵ ئەوەشدا تیپەکەی لویس ئێنریکێ پڕە لە ئەستێرە و دەیەوێت رکابەری لەسەر پاراستنی شوێنی خۆی لە خولی یانە پاڵەوانەکاندا بکات.
پاریس سانجێرمان لە قۆناخی یەکەمی چامپیۆنزلیگدا، چوار یاریی بردەوە، بەڵام بەشی ئەوەی نەکرد راستەوخۆ بگاتە قۆناخی داهاتوو و وەکو خاوەنی پلەی یازدەیەم چووە پاشکۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ