رووداو دیجیتاڵ
ریال مەدرید جگە لە دۆڕان و کرانەدەرەوە لە چامپیۆنزلیگ، یەکێک لە گرنگترین یاریزانەکانیشی لەدەستدا و مەترسی ئەوە هەیە لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر بارسێلۆنا ئامادە نەبێت. رۆژنامەیەکی ئیسپانی دەڵێت "پێکانەکەی ئێمباپێ سەخت نییە و بەشداری لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیادا دەکات".
ریال مەدرید لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا، لەسەر یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ تووشی شکستێکی نائومێدکەر بوو، دوای ئەوەی بەئەنجامی 1-2 بە ئارسیناڵ دۆڕا.
جگە لە دۆڕانەکە، پێکرانی کیلیان ئێمباپێش خەمێکی دیکەی ریال مەدرید و هاندەرانی بوو، کە بەدڵنیاییەوە ئەرکی یانەکە لەو ماوەیەی لە وەرزەکەدا ماوە قورستر دەکات، بەتایبەتی کە رۆژی 26ـی ئەم مانگە لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیادا بەرامبەر بارسێلۆنا یاری دەکات و ئەگەر ئێمباپێ یاری نەکات ئەرکی مێرینگی زەحمەتتر دەبێت.
لەو یارییەدا کیلیان تووشی پێکان بوو، لە خولەکی 75 بەناچاری یاریگای جێهێشت بۆ ئەوەی دۆخەکە خراپتر نەبێت و برایم دیاز لە شوێنی چووە نێو یاریگا.
وردەکارییەکانی پێکانەکە
ئێمباپێ لەو یارییەدا نەیتوانی هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنی بۆ ریال مەدرید دروست بکات، تاوەکو لە ئەنجامی بەریەککەوتنێکی بەهێز لەگەڵ دیکلان رایسی یاریزانی ئارسیناڵ تووشی پێکان بوو.
دیمەنەکان دەریانخست کە ئەستێره تەمەن 25 ساڵەکەی ریال مەدرید هەست بە ئازارێکی زۆری دەکات و تەنانەت دەرمانە ئازارشکێنەکانیش بەس نەبوون بۆ ئەوەی بتوانێت بەردەوامی بە یارییەکە بدات.
کەی ئێمباپێ دەگەڕێتەوە؟
تاوەکو ئەوکاتەی پشکنینی پزیشکی و تیشکی ئێکسی زیاتر ئەنجام نەدرێت، بەفەرمی روون نابێتەوە کە کیلیان تاوەکو چەند لە یاریگاکان دووردەکەوێتەوە.
هەندێک لە سەرچاوەکان دەڵێن "ئێمباپێ تووشی سوڕانی پاژنەی پێ بووە، لە باشترین دۆخدا 2 هەفتە دووردەکەوێتەوە، بەڵام لە خراپترین دۆخدا 6 هەفتە دووردەکەوێتەوە".
بەڵام رۆژنامەی کۆپێ بڵاویکردەوە کە پێکانەکەی تەنیا لێدانێک بووە و پێکانەکە سەخت نییە و دەتوانێت بەم زووانە ئەو یاریزانە فەرەنسییە بگەڕێتەوە، بۆیە بەشداریکردنی ئێمباپێ لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر بارسێلۆنا مسۆگەرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ