گالەری


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک بارزانی، پێشوازیی لە یاریزانانی یانەی دهۆک کرد و بەبۆنەی بردنەوەی نازناوی جامی کەنداو، خەڵاتی رێزلێنانی پێدان و پێیگوتن "ئێوە دەتوانن لە سیاسەت زیاتر و باشتر دۆزی گەلەكەتان بە جیهان بناسێنن."
 
دوای بردنەوەی نازناوی جامی کەنداو، وەکو یەکەم یانە لە مێژووی تۆپی پێی کورستان و عێراق، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، شاندی یانەی دهۆک، بە یاریزان، راهێنەر و ئەندامانی دەستەی کارگێڕییەوە و بە جامی کەنداوەوە چوونە بارەگای بارزانی و لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە پێشوازییان لێکرا.
 
بەپێی راگەیێنراوێکی بارەگای بارزانی، سەرۆک بارزانی لەو دیدارەدا لەگەڵ یانەی دهۆک پیرۆزبایی لە یانەکە کردووە و دەستخۆشیی لە یاریزانان و ستاف و بەڕێوەبەر و هەموو ئەوانە کرد کە رۆڵیان هەبووە لەو سەرکەوتنە مێژووییەدا.
 
سەرۆک بارزانی بە یاریزانانی یانەی دهۆکی گوتووە، "ئێوە دەتوانن لە سیاسەت زیاتر و باشتر دۆزی گەلەکەتان بە جیهان بناسێنن."
 
لەو دیدارەدا مەسعود میراڵ، راهێنەری یانەی دهۆک جامی کەنداوی پێشکێشی سەرۆک بارزانی کرد، سەرۆکی یانەکەش درێسێکی دهۆکی بە ناوی خۆیەوە پێشکێشی سەرۆک بارزانی کرد.
 
هەر بەبۆنەی بردنەوەی نازناوی جامی کەنداو، سەرۆک بارزانی، کاتژمێری بە دیاری داوەتە یاریزانانی یانەی دهۆک.
 
یانەی دهۆک رۆژی 15ـی نیسانی 2025 دوای بردنەوەی یاریی گەڕانەوەی کۆتایی جامی کەنداو لە یانەی قادسیەی کوێتی، بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک وەکو یەکەم یانە لە مێژووی کوردستان و عێراقدا بووە پاڵەوان.
 
لە دیدارەکەدا یاریزانان، راهێنەر و دەستەی کارگێڕیی یانەی دهۆک وێنەی یادگارییان لەگەڵ سەرۆک بارزانی گرت.