كارزان كانه‌بی
تایبه‌ت به رووداوی وه‌رزشی
ئیڤان خالید، یاریزانى یانه‌ى هه‌ولێرى پاڵه‌وانى خولى نایابى یانه‌كانى كوردستان له رێگه‌ی (رووداوى وه‌رزشی)یه‌وه گله‌یی له ده‌سته‌ی راهێنه‌رانی هه‌ڵبژارده‌ى كوردستان ده‌كات و ده‌ڵێت "خۆم به زوڵملێكراو ده‌زانم، یانه‌كه‌مان پاڵه‌وانه، كه‌چی ناوم له لیستى هه‌ڵبژارده‌ى كوردستان نییه".
هه‌موو ساڵێك له‌گه‌ڵ دیاریكردنى یاریزانانى هه‌ڵبژارده‌ى كوردستان بۆ پاڵه‌وانیه‌تییه‌كان، كۆمه‌ڵێك ره‌خنه له‌لایه‌ن یاریزانانه‌وه ئاراسته‌ی ده‌سته‌ى راهێنه‌رانى هه‌ڵبژارده‌كه ده‌كرێن، ئه‌مساڵیش كاتێك ده‌سته‌ى راهێنه‌رانى هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان یاریزانه‌كانیان ده‌ستنیشانكرد بۆ به‌شداریكردن له پاڵه‌وانیه‌تى كۆنیفا له هه‌رێمى ئه‌بخازیا، له رووسیا، كه بڕیاره یارییه‌كانى له 29/5/2016 ده‌ست پێبكه‌ن، رووبه‌ڕووی هه‌مان گله‌یی و ره‌خنه بوونه‌وه. یه‌كێك له‌و یاریزانانه‌ى كه ئه‌مساڵ ئاستێكى به‌رزى پێشكه‌ش كردووه له خولى نایابى كوردستان، به‌ڵام بۆ ریزه‌كانى هه‌ڵبژارده‌ى كوردستان بانگهێشت نه‌كراوه، ئیڤان خالیدى یاریزانى یانه‌ى هه‌ولێره، كه به‌قسه‌ی خۆی ئه‌و رۆڵى كاریگه‌رى هه‌بووه له بردنه‌وه‌ى نازناوى خوله‌كه، به‌ڵام ناوى له لیستى یاریزانانى ده‌ستنیشانكراو بۆ هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان نه‌بووه.
ئیڤان خالید، له‌و باره‌وه به (رووداوى وه‌رزشى) گوت "خۆم به زوڵملێكراو ده‌زانم، چونكه شایسته‌ی ئه‌وه بووم ناوم له پێكهاته‌ی هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان بووایه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌مساڵ توانییم له خولی نایابی عێراق و كوردستان ئاستێكی باش پێشكه‌ش بكه‌م و ببمه جێگه‌ی متمانه‌ی راهێنه‌ره‌كانم".
هه‌روه‌ها ئه‌و یاریزانه بۆ زیاتر سه‌لماندنی بۆچوونه‌كه‌ی، گوتی "ئه‌نجامه‌كانى راپرسی كه‌ناڵیكی ته‌له‌ڤزیۆنیش، كه بۆ باشترینه‌كانی خولی نایابی كوردستان كرابوو، راستی قسه‌كانم ده‌سه‌لمێنن، چونكه له‌و راپرسییه‌دا من پله‌ی یه‌كه‌مم به‌ده‌ستهێناوه ". ئیڤان هه‌روه‌ها گوتی "ئه‌مانه هه‌مووی مانای ئه‌وه‌ن كه من توانیومه به‌دڵی هه‌موو لایه‌ك بم، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌مساڵیش خه‌ونه‌كه‌م نه‌هاته‌دی و نه‌متوانی خزمه‌ت به هه‌ڵبژارده‌ی نیشتیمانیی وڵاته‌كه‌م بكه‌م".
ئه‌و یاریزانه‌ى یانه‌ى هه‌ولێر، سه‌یری به‌وه دێت كه تاوه‌كو ئێستا روون نییه یاریزانانى هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك ده‌ستنیشان ده‌كرێن و گوتى "به‌داخه‌وه تا ئێستا روون نییه راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان له‌سه‌ر چ بنه‌ما و پێوه‌رێك یاریزان ده‌ستنیشان ده‌كات، هه‌موو ساڵێك له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وانه‌ی بووینه راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان، چه‌ندان یاریزانی شایسته مافیان ده‌خورێت و بانگهێشت ناكرێن".
هه‌روه‌ها گوتیشی "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌مساڵ زوڵمم لێكرا و نه‌متوانی درێسی هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان له‌به‌ربكه‌م، به‌ڵام زیاتر خۆم ماندوو ده‌كه‌م و كۆڵ ناده‌م، چونكه ئامانجمه له پاڵ یانه‌كه‌م له رێگه‌ی وه‌رزش خزمه‌ت به نیشتیمانه‌كه‌م بكه‌م، ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه كه ئێستا هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان‌مان هه‌یه و به‌شداره له جامی كۆنیفا، پێویسته هه‌موومان هانده‌ر و پاڵپشتی بین، سه‌ركه‌وتنی كوردستان سه‌ركه‌وتنی هه‌موو كورده، هیوای سه‌ركه‌وتن بۆ ستافى راهێنه‌ران و یاریزانان ده‌خوازم، به ئومێدی ئه‌وه‌م به ئه‌نجامی باش بگه‌ڕێنه‌وه كوردستان".
هه‌ر كاتێك ناوی یاریزانانی هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان راده‌گه‌ینرێت، هه‌ندێك قسه‌ی باو هه‌ن هه‌موو ساڵێ ده‌گوترێنه‌وه‌و یه‌كێتی تۆپی پێ و ده‌سته‌ی راهێنه‌رانی هه‌ڵبژارده‌كه پێ تۆمه‌تبار ده‌كرێن، وه‌ك (شارچییه‌تی، هاوڕێیه‌تی و به‌رژه‌وه‌ند په‌رستی).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ