ئێمباپێ زۆر خراپ تێیکەوتووە

رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بڕێک پارەی وەک پاداشت بە چەند ئەفسەرێکی پۆلیس داوە بەمەبەستی یارمەتیدانیان، بەڵام ئەوە گران بەسەریدا شکاوەتەوە و لەوانەیە لەڕووی یاساییەوە تاوانبار بکرێت و رووبەڕووی سزا ببێتەوە.
 
لێکۆڵینەوەکە لە هەژمارێکی بانکییەوە لە مۆناکۆ دەستی پێکرد، کە تێیدا بڕی 180.300 یۆرۆ گواستراوەتەوە بۆ سەر هەژماری پێنج کارمەندی پۆلیس، کە هەندێکیان ئەرکی یاوەریکردنی هەڵبژاردەی نیشتمانیی فەرەنسایان لە مۆندیالی قەتەردا پێ سپێردرابوو. 
 
هەرچەندە ئەم گواستنەوانە نەشاردرابوونەوە، بەڵام سروشتی سوودمەندان و ناسنامەیان پرسیاری زۆری دروست کردووە، بەتایبەتی دوای دەرکەوتنی زانیاری کە ئاماژە بەوە دەکات یەکێک لەوانە سەرۆکی تیمی ئاساییشی یاوەری شاندەکە بووە.
 
شۆکە راستەقینەکە تەنیا لەبڕی پارەکەدا نەبوو، بەڵکو لەوەدابوو کە لایەنی بەخشەر کۆمەڵە یان رێکخراوێکی خێرخوازی نەبوو، بەڵکو کەسایەتییەکی وەرزشیی بەنێوبانگ بوو.
 
سەرەڕای ئەوەی کە لە سەرەتادا هەڵسوکەوتەکەی وەک نیشانەی رێز و پێزانین وەسف کران، بەڵام کاتێک دەستە چاودێرە داراییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە یاساییبوونی ئەم دیارییانە کرد، بابەتەکە رێڕەوێکی جیاوازی وەرگرت، بەتایبەتی لەژێر رۆشنایی بوونی رێسای تووند کە پەیوەندیی نێوان هاوڵاتیانی ئاسایی و کارمەندانی دامەزراوەکانی دەوڵەت رێکدەخات.
 
ئەو یاریزانەی کە پەیوەندیی بەم کەیسەوە هەیە، کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی هەڵبژاردەی فەرەنسا و خاوەنی یەکێک لە دیارترین گرێبەستەکانی دەیەی رابردوویە بۆ یانەی ریال مەدرید. 
 
میدیاکانی فەرەنسا ئاشکرایان کردووە کە ئێمباپێ پاداشتی دارایی راستەوخۆی پێشکێش بە پێنج ئەندامی پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی ئاژاوە کردووە، چواریان هەریەکەیان بڕی 30 هەزار یۆرۆیان وەرگرتووە، لەکاتێکدا سەرۆکەکەیان بڕی 60.300 یۆرۆی وەرگرتووە. ئەمەش بەپێی نامەیەکی واژۆکراوی خودی ئێمباپێ بووە، کە تێیدا جەخت دەکاتەوە کە پارەکان بەشێکن لە پاداشتەکانی لە جامی جیهانیدا.

 

لەکاتێکدا ئێمباپێ سوورە لەسەر ئەوەی کە کارەکەی یاسایی و بە نیازپاکی بووە، بەڵام دەستەی فەرەنسی بۆ چاودێریکردنی چالاکییە داراییەکان Tracfin لێکۆڵینەوەیەکی فەرمیی دەستپێکردووە و ئاماژەی بەبوونی گومان و نیشانەی پرسیار کردووە لەسەر ئاستی پابەندبوونی ئەم گواستنەوانە بە مۆڵەتە باجییەکان و رێکارە فەرمییەکانەوە. 
 
هەروەها زنجیرەیەک بانگهێشتکردن بۆ هەندێک لەو ئەفسەرانەی کە لە کەیسەکەدا تێوەگلاون دەستیپێکردووە، لەکاتێکدا چاوەڕوانی چارەنووسی ئەم دۆسێیە ئاڵۆزە دەکرێت.
 
بابەتەکە لێرەدا تەنیا پەیوەندی بەنیازەکانەوە نییە، بەڵکو بە رێنماییە یاساییەکانیشەوە هەیە کە پەیوەندی نێوان کەسایەتییە بەنێوبانگەکان و دامەزراوەکانی دەوڵەت رێکدەخەن، بەتایبەتی لەبارەی پێشکێشکردنی پاداشتی دارایی بە فەرمانبەرانی حکومەت. 
 
هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە یەکێک لەو ئەفسەرانەی پارەکەی وەرگرتووە، پەیوەندییەکی کەسی لەگەڵ ئێمباپێدا هەبووە و لە گەشتە تایبەتەکانیدا یاوەری کردووە، ئەمەش رەهەندێکی نوێی بە دۆسێیەکە بەخشیوە و دەرگای گومانی لەسەر تێکەڵبوونی بەرژەوەندییەکان کردووەتەوە.
 
ئێمباپێ هەمیشە بەشداریی لە کاری خێرخوازیدا کردووە و پێشتریش پاداشتەکانی لە جامی جیهانیی 2018 بەخشیبووە ئەو دامەزراوانەی کە پاڵپشتیی منداڵانی نەخۆش دەکەن، بەڵام ئەمجارە دۆخەکە تەواو جیاوازە، چونکە سوودمەندان لایەنی قازانج نەویست نین، بەڵکو فەرمانبەری فەرمین، ئەمەش وادەکات دۆسێیەکە بکەوێتە ژێر وردبینییەکی جیاوازەوە.
 
کاتەکەش لە بەرژەوەندیی ئەودا نەبوو، چونکە ئەم لێکۆڵینەوانە چەند رۆژێک دوای تەواوبوونی گرێبەستە گەورەکەی دێت بۆ یانەی ریال مەدرید، کە گرێبەستێک بوو سەرنجی هەموو جیهانی راکێشا. 
 
هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ تۆمەتێکی تاوانکاری ئاراستەی کیلیان نەکراوە، بەڵام تەنیا بەستنەوەی ناوی بە لێکۆڵینەوەیەکی دارایی لەم جۆرەوە، لەوانەیە کاریگەریی لەسەر وێنە گشتییەکەی لەلای هاندەران و کۆمپانیا سپۆنسەرەکان هەبێت.
 
دۆسێیەکە ئێستا لەئەستۆی پشکنەرایەتیی گشتیی پۆلیسی فەرەنسایە IGPN و داواکاریی گشتیش بەفەرمی ئاگادار کراوەتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە لەوانەیە دۆسێیەکە کاتێکی زۆری بوێت تا دادەخرێت و لەوانەیە ببێتە هۆی دەرکردنی یاسای نوێ بۆ رێکخستنی پەیوەندیی نێوان کەسایەتییە گشتییەکان و لایەنە حکومییەکان، بۆ دوورکەوتنەوە لە دووبارەبوونەوەی رووداوی لەم شێوەیە.