رووداو – هه‌ولێر
هه‌رچه‌نده 6 ساڵ به‌سه‌ر رۆیشتنی له یانه‌ی ریال مه‌درید تێپه‌ڕێوه، به‌ڵام ریكاردۆ كاكای ئه‌ستێره‌ی به‌ڕازیل باسی ئه‌و رۆژه سه‌ختانه‌ی خۆی له یانه‌كه ده‌كات و نهێنییه‌كان ئاشكراده‌كات.
رۆژنامه‌ی ماركای ئیسپانی، لێدوانه‌كانی كاكای بڵاوكردووه‌ته‌وه، كه تێیدا ئاشكرایده‌كات، دوای چوار وه‌رز مانه‌وه له یانه‌ی شاهانه، به‌ڵام نه‌یتوانی به‌و ئاسته ده‌ركه‌وێت، كه له یانه‌ی میلان‌دا تێیدا ده‌ركه‌وت، كه هه‌ر به‌م هۆیه‌وه خه‌ڵاتی بالۆن دۆری وه‌كو باشترین یاریزان به‌ده‌ستهێنا.
كاكا دانی پێداده‌نێت، ئه‌و چوار وه‌رزه‌ی له‌گه‌ڵ ریال مه‌درید به‌سه‌ریبرد، زۆر ئاڵۆزبوون.
كاكا به‌راوردی ماوه‌ی یاریكردنی له میلان و به یاریكردنی له ریال مه‌درید ده‌كات و له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: "ئه‌و ماوه‌یه‌ی له میلان بووم، له ئیتالیا هه‌مووان خۆشیانده‌ویستم، هه‌موو شتێكم پێشكه‌شكردن، به‌ڵام له ئیسپانیا داوای دوورخستنه‌وه‌یان ده‌كردم".
كاكا، كه ناوی ته‌واوی "ریكاردۆ ئیزیسۆن دۆس سانتۆس"ـه، له باره‌ی په‌یوه‌ندیی خۆی به خۆزێ مۆرینیۆی راهێنه‌ری پێشووتری ریال مه‌درید ده‌ڵێت: "مۆرینیۆ بۆ من راهێنه‌رێكی زۆر زه‌حمه‌ت بوو، په‌یوه‌ندییمان رێزگرتنێكی زۆری تێدابوو، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا ئاڵۆزیش بوو، چاوه‌ڕێبووم هه‌لی ئه‌وه‌م
پێبدات تواناكانم ده‌ربخه‌م، به‌ڵام ئه‌مه رووینه‌دا، زۆر مه‌شقم كرد و جه‌نگام و نوێژم كرد، به‌ڵام نه‌متوانی متمانه‌ی ئه‌و به‌ده‌ستبهێنم، دواتر زانیم ناتوانم له‌گه‌ڵ ئه‌ودا كاربكه‌م، بۆیه كاتێك ریال مه‌درید و مۆرینیۆم جێهێشت، زۆر دڵخۆش بووم و گه‌ڕامه‌وه میلان".
كاكا ئه‌وه‌ش ئاشكراده‌كات، زۆر دڵخۆشبووه كاتێك دوای رۆیشتنی له مه‌درید، مۆرینیۆ گوتوویه‌تی، كاكا یه‌كێكە له‌و باشترین یاریزانانه‌ی مه‌شقی پێداوه".
ریكاردۆ كاكا دوای ریال مه‌درید، گه‌ڕایه‌وه میلانی ئیتالی، كه باشترین كاته‌كانی یاریكردنی هه‌ر له‌و یانه‌یه‌دا بوو، به‌ڵام دواتر رووی له خولی ئه‌مه‌ریكا و یانه‌ی ئۆرلاندۆ سیتی كرد، له 17-12-2017 كاكا له ته‌مه‌نی 35 ساڵیدا به یه‌كجاری وازی له یاریكردن هێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ