ریال مەدرید داوای زاوای عێراقییەکان دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئەیسی میلان بەربەست دەخاتە بەردەم هەوڵەکانی هەردوو یانەی ریال مەدرید و مانچێستەر سیتی و ئامادەنییە بە ئاسانی دەستبەرداری یاریزانێکی یانەکەی ببێت.
 
هەردوو یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و مانچێستەر سیتی ئینگلیزی لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا رکابەری لەسەر گواستنەوەی تیجانی ریندەرز، ئەستێرە و ناوەڕاستکاری یانەی میلان دەکەن، دوای ئەوەی یاریزانەکە لەم وەرزەدا ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد.
 
بەپێی هەواڵی میدیای بەریتانیا و ئیتاڵیا، یانەی مانچێستەر سیتی 60 ملیۆن یۆرۆی بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە پێشکێشی یانە ئیتاڵییەکە کردووە، بەڵام میلان دەستەوارەکەی رەتکردووەتەوە و ئامادەنییە بە کەمتر لە 70 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری ناوەڕاستکارە هۆڵەندییەکە ببێت.
 
ماڵپەری فۆتبوول ئیتاڵیا دەڵێت "داواکاریی ریال مەدرید لەسەر گواستنەوەی ئەو یاریزانە بووەتە هۆکاری ئەوەی میلان داوای پارەیەکی زیاتر بکات بۆ دەستبەرداربوون لە یاریزانەکە."
 
یانەی ریال مەدرید بە ئامانجی بەهێزکردنی پێکهاتەکەی و رێکخستنەوەی هێڵی ناوەڕاستی تیپەکەی چاوی لە تواناکانی ئەو یاریزانەیە و دەیەوێت بیباتە ریزەکانی، پێپ گواردیۆلاش، بە یانەی مانچێستەر سیتیی گوتووە بەو یاریزانە سەرسامە و داوای گواستنەوەی دەکات.
 
تیجانی ریندەرز، لە هاوینی 2023 بەرامبەر 20.5 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی ئەلکماری هۆڵەندییەوە چووە میلان، لەم وەرزەدا لە 52 یاریی فەرمیدا 15 گۆڵی تۆمارکردووە و 5 ئاسیستی بۆ هاوڕێکانی کردووە.

 
ریندەرز تەمەنی 26 ساڵە، گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەیسی میلان تاوەکو هاوینی 2030 بەردەوامە و ئێستا لە بازاڕی گواستنەوەدا نرخەکەی دەگاتە 50 ملیۆن یۆرۆ.
 
هاوژینی تیجانی ریندەرز، یاریزانی هۆڵەندی و یانەی ئەیسی میلان، ناوی مارینا گورگیسە و خەڵکی عێراقە.