ئەنچێلۆتی لیستی بەرازیل بۆ مۆندیال رادەگەیەنێت و هێشتا چارەنووسی نەیمار یەکلانەبووەتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
رووداو سپۆرتس
نیشانەکردن هەڵبژاردەی بەرازیل نەیمار داسیلڤا کارلۆ ئەنچێلۆتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە کۆتایی ئەمڕۆ و بەرەبەیانی سبەی، کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل، لیستی کۆتایی هەڵبژاردەکەی بۆ مۆندیالی داهاتوو ئاشکرا بکات، لە کاتێکدا هێشتا چارەنووسی نەیمار داسێلڤا یەکلایی نەبووەتەوە.
 
بڕیارە لە کاژێرەکانی کۆتایی ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنچێلۆتی لیستی 26 یاریزانی بانگهێشتکراو بۆ مۆندیال رابگەیەنێت، ئەگەرچی زۆرینەی پێشبینییەکان بەئاراستەی ئەوەن کە نەیمار لە لیستەکەدا دەبێت، بەڵام ئەو یاریزانە لە دوایین لێدواندا دەڵێ، هێشتا نازانم، هیوادارم بانگ بکرێم.
 
نەیمار لە وەرزی ئەمساڵی خولی بەرازیلدا 14 یاریی ئەنجامداوە و شەش گۆڵ و چوار ئەسیستی هەبووە. میدیای بەرازیل و هاندەرانی هەڵبژاردەکە، گوشاری زۆر دەکەن بۆ ئەوەی لە لیستی سیلساودابێت بۆ مۆندیالی داهاتوو.
 
نەیمار ناوی لە نێو لیستی سەرەتایی هەڵبژاردەکەدابوو کە 55 یاریزان لە خۆدەگرێت و پێشتر لەلایەن راهێنەری هەڵبژاردەکەوە ئاشکراکرابوو.
 
نەیمار لە دوای یاریی یانەکەی بەرامبەر کۆریتیبا لە خولی بەرازیل، لە وەڵامی پرسیارێکدا کە دەڵێ، پێتوایە شایستەی بانگهێشتکردن بۆ مۆندیالیت؟ ئەو دەڵێ، "ناتوانم وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "ئەنچێلۆتی بڕیاردەدات ئایا من شایستەی چوونم بۆ مۆندیال یان نا، هەوڵی زۆرمداوە لەپێناو ئەوەدا، ئەگەر بانگ بکرێم دڵخۆش دەبم و ئەگەر بانگ نەکرێم، دەبمە هاندەرێکی دیکەی هەڵبژاردەی بەرازیل لە مۆندیال".
 
نەیمار گۆڵکەری مێژوویی هەڵبژاردەی بەرازیلە بە تۆمارکردنی 79 گۆڵ، لە کاتێکدا لە سێ بەشداریی مۆندیالدا، نەیتوانیوە لەگەڵ هەڵبژاردەکە نازناوی مۆندیال بەدەست بهێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە