نێچیرڤان بارزانی بۆ یانەکانی دهۆک و زاخۆ: هەر هەبن و هەر سەرکەوتوو بن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە یانەکانی دهۆک و زاخۆ دەکات بەبۆنەی بەدەستهێنانی پلەی یەکەم و دووەمی جامی عێراق و دەڵێت، "هەر هەبن و هەر سەرکەوتوو بن."
بەبۆنەی بەدەستهێنانی پلەی یەکەم لەلایەن یانەی دهۆک و پلەی دووەم لەلایەن یانەی زاخۆ لە جامی عێراق، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە فەیسبووک بڵاوکردەوە و دەڵێت، "لە دڵەوە و بە گەرمی پیرۆزبایی لە یانەی دهۆک دەکەم کە بووە یەکەم و جامی عێراقی بەدەستهێنا، هەروەها پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ دەکەم کە پلەی دووەمیان بەدەستهێنا، دەستخۆشییان لێدەکەم و هیوای سەرکەوتنی بەردەوامیان بۆ دەخوازم."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "گەیشتنی هەردوو یانەکانی دهۆک و زاخۆ بەم ئاستە، جێی دڵخۆشی و شانازیی هەموو کوردستانییانە. هیوادارم ئەم ئاست و سەرکەوتنە گیانی وەرزشی لە کوردستان و عێراق بەگشتی بەهێز بکات."
لە کۆتایی پەیامەکەشیدا، رووی قسەکانی لە هەردوو یانە دەکات و دەڵێت، "هەر هەبن و هەر سەرکەوتوو بن."