رووداو – هه‌ولێر
یانه‌ی ریال مه‌درید وه‌كو پاڵه‌وانی ئه‌وروپا، سبه‌ی له مۆندیالی یانه‌كان یاریی ده‌كات و رۆژنامه‌یه‌كیش بڕی ئه‌و پاداشته ئاشكراده‌كات، له كاتی بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه یاریزانانی یانه‌كه وه‌ریده‌گرن.
سبه‌ی چوارشه‌ممه له قۆناخی پێشكۆتایی مۆندیالی یانه‌كاندا، كه له ئیمارات به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ریال مه‌دریدی ئیسپانی رووبه‌ڕووی یانه‌ی كاشیما ئانتله‌رزی ژاپۆنی و پاڵه‌وانی ئاسیا ده‌بێته‌وه.
ریال چاوی له‌وه‌یه بۆ ساڵی سێیه‌می له‌سه‌ریه‌ك ببێته پاڵه‌وانی مۆندیالی یانه‌كانی جیهان.
ریال به بردنه‌وه‌ی له كاشیما، ده‌چێته یاریی كۆتایی و له‌وێدا له‌گه‌ڵ براوه‌ی یاریی نێوان ریڤه‌پله‌یتی ئه‌رجه‌نتینی و عه‌ینی ئیماراتی یاریی ده‌كات.
رۆژنامه‌ی سپۆرتی كه‌ته‌لۆنی ئاشكرایكردووه، ئه‌گه‌ر یاریزانانی ریال مه‌درید نازناوه‌كه ببه‌نه‌وه، ئه‌وا هه‌ریه‌كه‌یان بڕی 100 هه‌زار یۆرۆ وه‌كو پاداشت وه‌رده‌گرن.
رۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه، پاڵه‌وانی مۆندیالی یانه‌كان بڕی 5 ملیۆن یۆرۆ وه‌كو پاداشتی دارایی وه‌رده‌گرێت، خاوه‌نی پله‌ی دووه‌م 4 ملیۆن و خاوه‌ن پله‌ی سێیه‌میش بڕی 2.5 ملیۆن یۆرۆ وه‌رده‌گرێت.
وه‌شانی 15ی مۆندیالی یانه‌كان به به‌شداریی 7 یانه رۆژی 12ی ئه‌م مانگه ده‌ستیپێكرد و رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو كۆتاییدێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ