گالەری

19-05-2022
24 Photos
رووداو دیجیتاڵ 

یانەی ئینتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانی بووە پاڵەوانی یۆرۆپالیگ، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا، کە لە سێڤییا بەڕێوەچوو، بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە 5-4 لە گلاسکۆ رێنجەرزی سکۆتلەندی بردەوە.
 
ئەو یانە ئەڵمانییە، دوای ئەوەی لە کاتی ئاسایی و هەردوو گێمی زیادکراودا، بە ئەنجامی 1-1 لەگەڵ یانە سکۆتلەندییەکە یەکسانبوو، لە لێدانەکانی یەکلاکەرەوەدا بەخت یاوەری بوو.
 
یانە ئەڵمانییەکە کە 13 یاریی لەم پاڵەوانێتییەدا کرد و بەبێ دۆڕانی ھیچ یارییەك بووە پاڵەوانی یۆرۆپالیگ، راستەوخۆ گەیشتە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، ئەگەرچی ئێستا لە ریزبەندیی خولی ئاڵمانیادا پلەی 11ـی گرتووە.
 
فرانکفۆرت جارێکی دیکە خەونی یانەی گلاسكۆ رێنجەرزی سکۆتلەندی لەنێوبرد، کە بووە دووەمجار یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگ بدۆڕێنێت، لە 2008 یاریی كۆتایی بە یانەی زێنیتی رووسی دۆڕاند، لە 2022 یاریی كۆتایی بە ئینتراخت فرانكفۆرت دۆڕاند.
 
دوای بردنەوەی یارییەکە، یاریزان و هاندەرانی یانەی ئیتراخت فرانکفۆرت شێتانە ئاهەنگیان گێڕا، کە بە درێژایی پاڵەوانێتییەکە پشت و پەنایەکی بەهێزی یانەکەیان بوون و هۆکارێکی سەرەکی بوون بۆ بردنەوەی ئەو نازناوە ئەوروپییە.