رووداو دیجیتاڵ
مەسعود میراڵ، راهێنەری یانەی دهۆک بە تووندی سزادرا و بۆ 6 مانگ لە هەموو کار و چالاکییەکی وەرزشی رادەگیرێت.
لیژنەی رێکاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، بەشێوەیەکی فەرمی بڕیاری لەبارەی رووداوەکانی یاریی نێوان هەردوو یانەی دهۆک و تەڵەبە دا و مەسعود میراڵ بۆ شەش مانگ سڕکرا.
لیژنەکە لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "دوای ئەوەی لیژنە سەرپشتیاری یانەکە و ناوبژیوانی یارییەکە راپۆرتی خۆیان لەبارەی یارییەکەوە پێشکێشکرد و بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو ڤیدیۆیانە کرا کە لەبارەی یاریی دهۆک و تەڵەبەوە هەبوو، تێیدا دەرکەوتووە مەسعود میراڵ راهێنەری یانەی دهۆک، تووڕەیەکی زۆری لەبارەی پێدانی کارتی سوور لەلایەن ناوبژیوانەوە پێشانداوە و زیانی بە ئامێری ڤار گەیاندەووە، جگە لەوەش سەگڤان محەممەد ئەمین، رێکخەری ئاسایشپارێزی یاریگەی دهۆک هەڕەشەی لە سەرپەرشتیاری یارییەکە کردووە بەوەی رێگەی نادات بچێتە دهۆک."
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە، مەسعود میراڵ، راهێنەری دهۆک بۆ 6 مانگ لە یاوەریکردنی یانەکە رادەگیرێت و رێگەی پێنادرێت بچێتە هیچ یاریگەیەک و بەشداریی لە هیچ چالاکییەکی وەرزشیدا بکات، جگە لەوەش بەپێبژاردنی 25 ملیۆن دینار سزادەدرێت.
هەروەها سەگڤان محەممەد ئەمین، رێکخەری ئاسایشپارێزی بەهەمان شێوە نابێت تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە ببێتەوە رێکخەر و بەپێبژاردنی 3 ملیۆن دیناریش سزادەدرێت.
لیژنەی رێکاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دەڵێت "دەکرێت پێداچوونەوە بەم بڕیارانەدا بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ