ڤیدیۆ؛ ئیسپانیا بووە پاڵەوانی نەیشنسلیگ

19-06-2023
ئیحسان تاهیر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

هەڵبژاردەی ئیسپانیا بووە پاڵەوانی سێیەم وەشانی نەیشنسلیگ، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا، بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە لە هەڵبژاردەی کرواتیای بردەوە.
 
یارییەکە لەسەر یاریگەی فاینۆرد لە هۆڵەندا بەڕێوەچوو، کە هەردوو هەڵبژاردە لە دوو گێمی کاتی ئاساییدا نەیانتوانی تۆڕی گۆڵی یەکدی بهەژێنن، سەرەڕای ئەوەی هەردوولا چەندینجار هەڕەشەیان لە گۆڵی یەکدی کرد و نزیک بوون لە تۆمارکردنی گۆڵی بردنەوە.
 
پەنایان بردە بەر دوو گێمی زیادکراو، بەڵام لەو 30 خولەکەشدا کەسیان سەرکەوتوو نەبوو لە گۆڵکردن و یارییەکە گەیشتە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە، کە تیایدا ئونای سیمۆنی گۆڵپارێزی ئیسپانیا یەکلاکەرەوە بوو، و یارییەکە بە ئەنجامی 5-4 لە بەرژەوەندی ماتادۆر کۆتاییهات.
 
ئەمە سێیەمجارە ئەم پاڵەوانێتییە بەرێوەدەچێت، کە جاری یەکەم پۆرتوگال براوەی نازناوەکە بوو، لە دووەم پاڵەوانێتیدا فەرەنسا نازناوەکەی بردەوە و ئەمجارەش ئیسپانیا براوە بوو.
 
بەر لەو یارییەش هەڵبژاردەی ئیتاڵیا پلەی سێیەمی بەدەستهێنا دوای ئەوەی 3-2 لە هەڵبژاردەی هۆڵەندای میوانداری بردەوە.
 
ئەمساڵ هەرچوار هەڵبژاردەی، ئیسپانیا، هۆڵەند، ئیتاڵیا و کرواتیا گەیشتنە چوارگۆشەی زێڕینی پاڵەوانێتییەکە، کە لە قۆناخی پیشکۆتاییدا ئیسپانیا لە ئیتاڵیای بردەوە و کرواتیاش لە هۆڵەندای بردەوە و لە یاریی کۆتاییدا ئیسپانیا نازناوەکەی لەسەر حسابی کرواتیا بەدەستهێنا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە