ئەو وەرزشڤانانەی لە جەنگی ئێران و ئیسرائیلدا گیانیان لەدەستداوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، هێرشە مووشەکییەکانیان بۆ سەر یەکدی لە چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەک وەرزشڤان لە یارییە جیاوازەکاندا لە ئێران گیانیان لەدەستداوە.
 
ئاژانسی هەواڵیی تەسنیمی ئێرانی راپۆرتێکی لەبارەی ئەو وەرزشڤانە ئێرانیانە بڵاوکردووەتەوە کە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکە گیانیان لەدەستداوە.
 
یەکێک لەو یاریزانانە، ئەمیر عەلی ئەمینییە، یاریزانی یاریی تایکواندۆیە و تەمەنی 12 ساڵە، یاریزانەکە لە تاران کوژراوە.
 
بەپێی راپۆرتەکە، ئەمیر یاریزانێکی بەهرەمەند و لێهاتوو بووە و لە ئێران پێشبینییەکان بۆ داهاتوویەکی گەش بۆ ئەو یاریزانە لاوە لە ئاستێکی بەرزدابوون، بەڵام بووە قوربانیی جەنگی نێوان هەردوو وڵات.
 
 
پارسا مەنسوور هێزارجەریبی، یەکێکی دیکەیە لەو یاریزانانەی بەهۆی جەنگە گیانی لەدەستداوە، ئەم یاریزانە لە یاریی پادێلدا یاریی دەکرد و بەشداریی لە چەندین پاڵەوانێتیی جیاوازدا کردووە، لەسەر ئاستی ناوخۆی ئێران و دەرەوەی وڵات.
 
 
نیلوفەر قالەهوەند، یاریزانێکی پیشەگەری ئێران بووە لە یاریی جیمناستیک، پاشان بووەتە راهێنەری ئەو یارییە لەسەر ئاستی خانمان و لە هێرشێکی ئیسرائیلدا لەگەڵ دایک و باوکی کوژران.
 


زەهرا شەمس، پایسکلسوارێکی ئێرانییە لەسەر ئاستی خانمان، تەمەنی 35 ساڵ بوو و دەرچووی بەشی ئایستی بوو لە زانکۆ، ئەویش یەکێکی دیکەیە لەو وەرزشڤانانەی لە جەنگدا گیانی لەدەستداوە.
 
 
مەهدی پۆلادوەند، ئەسپسواری ئێرانی بەهەمان شێوە لەگەڵ دایک و باوکی و خوشکێکی لە جەنگی نێوان وڵاتەکەی و ئیسرائیلدا گیانی لەدەستداوە.
 
 
رەزا نەجەفی و دلاوەر ئەمیرخانی، دوو زۆرانبازی ئێرانن، لەسەر ئاستی وڵاتەکە لە ئاستێکی بەرزدا یارییاندەکرد و بەپێی راپۆرتەکەی تەسنیم ئەو دوو وەرزشڤانەش بوونەتە قوربانیی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، هەردوو یاریزانەکە لە ریزەکانی سوپای پاسداراندا کاریاندەکرد.
 
 
بەشێوەیەکی گشتی تاوەکو ئێستا بەهۆی جەنگی نێوان هەردوو وڵاتەوە، 16 وەرزشڤان لەسەر ئاستی یارییە جیاوازەکان گیانیان لەدەستداوە، لەنێویاندا راکەر، یاریزانی جودۆ، خلیسکانێ، بۆکسێنەر و چەندین یاریی دیکەی جیاواز هەن.