فلۆرینتینۆ پێرێز، لەنێوان زەینەدین زیدانى یاریزان و راهێنەردا

19-08-2017
ئەحمەد سەنگاوی
ئەحمەد سەنگاوی @ahmadsangawe
نیشانەکردن پێرێز
A+ A-

سەرەتاى شۆڕشەکەى فلۆرینتینۆ پێرێز لە ‏بازاڕى گواستنەوەى یاریزانان، بۆ ساتى لەدەستدەرهێنانى فیگۆ لە چنگى بارسێلۆنا ‏دەگەڕێتەوە. لەوساتەوە پێرێز کێى ویستبا، بە هەر نرخێک بووبێت ئەم سەرمایەدارە ‏ئارەزووى هێنانى هەر ئەستێرەیەکى کردبا بۆ ریزەکانى ریاڵ مەدرید دەگواستەوە.

 ‏بێباکى پێرێز لە بەخەرجدانى پارە بۆ گواستنەوەى یاریزان و راهێنەر واى کرد ‏بڕەپارەیەکى زۆر لە خەزێنەى ئەم یانەیە بۆ ئەستێرەى ناودارى تۆپى پێ خەرج کرا، ‏ساڵانە ریاڵ هەر پارەى زۆرى بۆ گواستنەوەى یاریزان خەرج دەکرد، لە ‏گواستنەوەى ژمارەیەکى بەرچاویان تووشى زیانى ماددى و پەشیمانیى بوو، هەروەها ‏بووە دۆزەخێک بۆ کۆمەڵێک ئەستێرە. ریاڵى خەونەکان، ریاڵى سەردەمى ‏سەرۆکایەتى پێرێزە. واتە ئەم سەرۆکە بوارێکى بۆ هێنانەپێشەوەى یاریزانى ‏تازەپێگەیشتوو، نەهێشتبووەوە، بوارى نەدەدا یانەکە بە تێپەڕبوونى کات یاریزانى لاو ‏لەنێو یانەکە پێبەگەیەنێت.

 لە هەمووى کێشەتر شکستى ژمارەیەک گرێبەست و ‏داتەپینى ئاستى ژمارەیەک یاریزان کە پەیوەندییان بە ڕیاڵ مەدریدەوە کرد چەندین ‏یاریزان و راهێنەر بە وانەوەگرتن لە هەڵە و پەشیمانى ژمارەیەک یاریزان و ‏راهێنەرى شکستخواردوو لە ریاڵ، ئامادە نەبوون پەیوەندیى بە ریزەکانى یانەى ریاڵ ‏مەدریدەوە بکەن. ئەم سیاسەتى هەڵڕشتنى پارە زۆرەى پێرێز تا ساتى ‏دەستبەکاربوونى زیدان درێژەى هەبوو. لەگەڵ دەستبەکاربوونى ئەستێرەى پێشووى ‏یانەى مەدرید وەک راهێنەرى مێرەنگى، هەموو شتێک گۆڕانى بەسەردا هات.

 زیدان ‏تەنیا شەش مانگى پێویست بوو بۆئەوەى هەموو جوڵانە نەخوازراوەکانى پێشووى ‏سەرۆکى ریاڵ مەدرید کۆتاییى پێ بێت. لەگەڵ سەرکەوتنى لە یەکەم وەرزى ‏دەستبەکاربوونى دواى ئەوەى جیاوازى خاڵەکانى لەگەڵ پێشەنگى ریزبەندى لالیگا لە ‏‏١٢ خاڵەوە بۆ ١ خاڵ داگرت، پاشان ناسناوى چامپیۆنس لیگى بۆ مەدرید بەدەستهێنا. ‏ئیدى زیدان رێگرى کرد لە خەرجکردن و بەهەدەردانى پارەى زۆر لە بازاڕى ‏گواستنەوە، بەجۆرێک ئەو سیاسەتەى پێچەوانە کردەوە. وەرزى یەکەم خەرجکردن ‏و بەدەستهێنانى پارەى لە بازاڕى گواستنەوە وەک یەک لێ کردەوە. 

لە دووەم ‏وەرزى دەستبەکاربوونى یانەکە بە سوودوەرگرتن لە پێشخستنى ئاستى زۆربەى ‏یاریزانەکان و هێنانەپێشەوەى ژمارەیەک یاریزانى لاو، دەرفەتپێدانى زۆر بە سەرجەم ‏یاریزانە یەدەگەکان وای کرد، یانەکە پێویستى بە یاریزانى نوێ نەبێت، منەتى بە ‏پێکرانى ئەم یان ئەو ئەستێرە نەبێت. هاوکات توانى پارەیەکى زۆر بۆ خەزێنەى ‏یانەکە بگەڕێنێتەوە.

واتە دوو ساڵى تەمەنى راهێنەرى زیدان فلۆرینتینۆ پێرێز ‏پێچەوانەى تەمەنى سەرۆکایەتیکردنى یانەکە، کەمترین جموجۆڵى لە بازاڕى ‏گواستنەوە هەیە، هەموو شتێکى بۆ زیدان جێ هێشتووە. بە پێچەوانەى ساڵانى ‏رابردوو پەلە ناکات لە بڕیاردان، چ لە هێنانى یاریزان، چ لە ئاست و ئەنجامى یانەکە، ‏چ لە گرفت و نیگەرانیى یاریزانەکانى، ئێستا دەسەڵاتى سەرەتا و کۆتاى سپاردووە بە ‏زیدانى راهێنەر. بۆ ساڵى دووەم لەسەر یەک یانەکە کەمترین جوڵە دەکات لە بازاڕى ‏گواستنەوە، هاوکات خواستێکى زۆر لەسەر گواستنەوەى ژمارەیەکى زۆر لە ‏یاریزانەکانى مەدرید هەیە، جگە لە فرۆشتنى مۆراتا، جەیمس رۆدریگێز و دانیێلۆ، ‏خواستێکى زۆریش لەسەر گواستنەوەى ئیسکۆ، ئەسیۆنسۆ، بەیڵ، موودریچ هەیە، ‏بەڵام راهێنەر جگە لە یاریزانى یەدەگە نیگەرانەکانى ساڵى رابردوو، دەستبەردارى ‏هیچ یاریزانێکى نەبووە.

ئەم وەرزە سیۆ هێرنادیز، مارکۆس یۆرێنتى سیبایۆسى بە ‏بڕەپارەیەکى سنووردار بۆ ریزەکانى ریاڵ گواستووەتەوە. لە هەمووى گرنگتر پێرێز ‏دەستبەردارى هێنانى ژمارەى گەورەى جیهانى تۆپى پێ بووە، کە ساڵانە بەنێو خولە ‏بەهێزەکان دەگەڕا، کێ دەبووە باشترینى خولەکان راستەوخۆ بێ گوێدانە بەرزى ‏نرخەکەى بۆ ریزەکانى مەدریدى دەگواستەوە. هاتنى زیدان شکۆیەکى گەورەى بۆ ‏ریاڵ مەدرید گەڕاندەوە، جاران یانەى پارە بوو، ئێستا یانەى بەدەستهێنەرى پارەیە، ‏جاران یانەى زیانمەندى بازاڕى گواستنەوە بوو، ئێستا قازانجکەرى بازاڕى ‏گواستنەوەیە، جاران ئارامى نەدەگرت یاریزانێک سێ بۆ چوار ساڵ لە یانەکە ‏بمێنێتەوە ئێستا زۆربەى یاریزانەکان ٧ بۆ ٩ ساڵە لە پێکهاتەى سەرەکیى تیپەکەدان. ‏جاران راهێنەرگۆڕینى کردبووە پیشە، ئێستا دەڵێ ئامادەم بۆ ساڵانێکى زۆر زیدان لە ‏پۆستى راهێنەرى مەدرید بهێڵمەوە.

 جاران ریاڵ دەدرایە بەر توانجى ئەوەیە کە ‏تیپێکى حازرخۆرە و ناتوانێ جیلێکى نوێ بۆ خۆى و تۆپى پێ پێبگەیەنێت، بەڵام ئێستا ‏لە هەر تیپێک زیاتر ستایشى زیدان و ریاڵ مەدرید دەکرێت لە پێگەیاندنى جیلێکى ‏تازەپێگەیشتوو. بە کورتى کە زیدانى یاریزان هات بۆ ریاڵ یانەکە راپەڕینى ‏پارەخەرجکردن و هێنانى ئەستێرە گەورەکانى دەست پێ کرد، کە زیدانیش بوو بە ‏راهێنەرى ریاڵ مەدرید، سیاسەتى دەستنوقاویى لە خەرجکردنى پارە و پشتکردن لە ‏هێنانى ئەستێرە گرانبەهاکان دەستى پێ کرد.‏

ماوییەتى

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە