پاریس سانجێرمان هێرشی تووند دەکاتە سەر ئێمباپێ


رووداو دیجیتاڵ

یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا، هێرشی تووندی کردە سەر کیلیان ئێمباپێی هێرشبەری پێشووی یانەکە و وایدانا ئەو یاریزانە پابەندی بنەماکانی رێکەوتن لەگەڵ یانەکە نەبووە.
 
نوێنەرانی یانە فەرەنسییەکە و کاپتنی فەرەنسا، لەبەردەم دادگای کاری پاریسدا ئامادەبوون، بۆ قسەکردن لەبارەی ئەو ناکۆکییەی لەنێوانیاندا هەیە، پاش رۆیشتنی ئێمباپێ بۆ یانەی ریال مەدرید بەخۆڕایی.
 
سانجێرمان دووپاتیکردووەتەوە، رووبەڕووی زیانی گەورە بووەتەوە بەهۆی پابەندنەبوونی ئێمباپێ بەپابەندییەکانی نێو گرێبەستەکەی و بنەما سەرەکییەکانی نیازپاکی و پابەندی. یانەکە دەڵێ هەڵسوکەوتەوکانی کیلیان دووپاتیانکردەوە کە ئەو بەپێچەوانەی ئەو متمانەیەوە هەڵسوکەوتی کردووە کە پێیدراوە، دووپاتیکردووەتەوە بەرگری تووند لە مافەکانی خۆی دەکات و بەرژەوەندییەکانی یانەکە و هاندەرەکانی دەپارێزێت.
 
سانجێرمان دەڵێ، "پاریس سانجێرمان نوێنەرایەتی کرا لەبەردەم ئەنجوومەنی کاری پاریس، لەپێناو دووپاتکردنەوەی ئەو زیانە گەورانەی بەری کەوتوون بەهۆی پابەندنەبوونی بەڕێز کیلیان ئێمباپێ بەرامبەر پابەندنییەکانی بەپێی گرێبەستەکەی، هەروەها بەرامبەر بنەما سەرەکییەکانی نیازپاکی و پابەندی".
 
سانجێرمان دەڵێ "یانەکە دەیەوێت بەبیری بهێنێتەوە کە هەموو هەوڵێکیدا لەماوەی زیاتر لە ساڵێکدا، لەپێناو گەیشتنە چارەسەرێکی رەزامەندانە، تاوەکو رێگە بەهەردوولا بدات بۆ بەردەوامبوون، بەپێی پەیوەندی و هاوکاریی و متمانە کە دەبێ هەمووان پێوەی پابەندبن".
 
یانە فەرەنسییەکە هەروەها دەڵێ، "یانەکەمان لەسەر داوای چەندین لایەنی تایبەتمەند، بەدوای چارەسەری کێشەکەدا گەڕا، بەڵام بەڕێز ئێمباپێ لە هەموو بۆنەیەکدا هێرشی کردەوە سەرمان، لەنێویاندا گرتنەبەری رێگەی دادگا کە زیان بەیاریزانەکە و تۆپی پێی فەرەنساش دەگەیەنێت".
 
بڵاوکراوەکەی سانجێرمان هەروەها دەڵێ، "ئێمباپێ بۆ ماوەی 11 مانگ لە نێوان مانگی حەوتی 2022 تاوەکو مانگی شەشی ساڵی دواتر، بڕیاری خۆی بەرۆیشتن لە یانەکە و نوێنەکردنەوەی گرێبەستەکەی ئاشکرانەکرد تاوەکو هەلی ئەوەمان بداتێ نێوماڵی خۆمان رێک بخەینەوە".
 
هەروەها دەڵێ، ئێمباپێ بەرێکەوتنێکەوە پابەندنەبوو کە لەگەڵ بەرپرسانی یانەکە لە مانگی هەشتی ساڵی 2023 کردبووی و تێیدا رێکەوتن کرابوو لەسەر کەمکردنەوەی مووچەکەی ئەگەر بڕیاریدا بەخۆڕایی لە یانەکە بڕواتم ئەوەش لەپێناو بەدەستهێنانی سەقامگیریی لە یانەکەدا کە وەبەرهێنانی گەورەی کردبوو.
 
یانەکە دەڵێ، جیا لە پابەندنەبوون بەرێکەوتنەکە کە بەنووسراو لەنێوان هەردوولادا کراوە، ئەو هەنگاوانەی کیلیان بوونە زیانی ماڵیی گەورە بۆ یانەکە و ئامادەین بەڵگەی زیانەکان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاشکرا بکەین.
 
سانجێرمان لە چەندین خاڵی دیکەی بڵاوکراوەیەکەیدا، تۆمەتباربوونی کیلیانی بەرامبەر یانەکە دووپاتکردووەتەوە، لە کۆتاییشدا ئاماژەی بەوەداوە کە پابەند دەبێت بە بەرگری لە خۆکردن و پاراستنی بەهاکانی و لە هەمان کاتیشدا بونیادنانی سەرکەوتن و بەردەوامبوون لەوەی وەرزی رابردوو، یانەکە بەدەستیهێنا.