رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە یاریی کۆتایی جامی فەرەنسا، لەنێوان هەردوو یانەی پاریس سانجێرمان و مۆناکۆ ئامادەبوو و داواکارییەکی ئاراستەی ئێمباپێ کرد.
بەر لە بەڕێوەچوونی یارییەکە، ماکرۆن چووە نێو یاریگە و سڵاوی لە یاریزانانی هەردوو یانە کرد، سەرۆکی فەرەنسا لە نزیکەوە قسەی لەگەڵ ئێمباپێ کرد، ئەمە گفتوگۆی نێوان هەردوولابوو.
ماکرۆن: چۆنیت؟
ئێمباپێ: باشم، ئەی تۆ؟
ماکرۆن: پیرۆزبایی بانگهێشتکردنت بۆ هەڵبژاردەی فەرەنسا لێدەکەم.
ئێمباپێ : بەڵێ زۆر گرنگە، ئەمشەو یارییەک هەیە و پاشانیش هەڵبژاردە، بەڵێ ئێمە 8-6 مان دیارییکردووە.
ماکرۆن: پێویستە بۆ هەڵبژاردەی فەرەنسا ئامادەبیت و ( تەرکیزت) لەدەست نەدەیت.
سەرۆکی فەرەنسا جگە لە ئێمباپێ لە نزیکەوە قسەی لەگەڵ ویسام بن یەدیر، کاپتنی یانەی مۆناکۆش کرد، ئاوا قسەی لەگەڵ یاریزانەکە کرد.
ماکرۆن " تۆ باشیت؟ پیرۆزبایت لێدەکەم بۆ بانگهێشتکردنت بۆ هەڵبژاردەی فەرەنسا، من نهێنی بەهرەکانت لە تۆپی پێدا دەزانم ئەوە هی ئەوەیە کە لەنێو هۆڵەکان یاریت کردووە، سوپاس بۆ هەموو شتێک، هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازم لە یارییەکەی ئەمشەو و هەڵبژاردەش بەهەمان شێوە".
سەرۆکی فەرەنسا لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی " دواتر ئێمە گوشار لەسەر دیدێ دیشامپ دروستدەکەین، بەهەرحاڵ سوپاس ".
دوای گفتوگۆی نێوان هەردوو یاریزانەکە ماکرۆن، لەکاتی چوونە دەرەوە لە یاریگەدا گوتی " هیوادارم یارییەکەی ئەمشەو خۆشبێت ".
لە یارییەکەدا پاریس سانجێرمان بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر یارییەکەی بردەوە و بۆ جاری 14 نازناوی جامی فەرەنسای بردەوە.