ڤیدیۆ؛ مەسعود میراڵ مێژوویەکی گەورەی تۆمارکرد و ماڵئاواییکرد
رووداو دیجیتاڵ
مەسعود میراڵ، راهێنەری یانەی دهۆک بەشێوەیەکی فەرمی رۆیشتنی لە یانەکە راگەیاند و گوتی "لە عێراق بارسێلۆنا و ریال مەدریدیش ناتوانن نازناو ببەنەوە."
میراڵ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا قسەی بۆ میدیاکان کرد و گوتی "هاتم بۆ دهۆک بۆ ئەوەی تیپێکی بەهێز دروستبکەین و یاریزانەکان کارێکی زۆرباشیان کرد، توانیمان ئەنجامی باش بەدەستبهێنین و هاندەران دڵخۆشبکەین، بەڵام لە عێراق ساختەکاری، درۆ و دزی هەیە و رێگە لە پێشکەوتنەکانت دەگرن."
مەسعود میراڵ بە رۆژنامەڤانانی گوت" لە یانەی دهۆک دەڕۆم، من مرۆڤێکی ئاوام درۆ قبوڵ ناکەم، ساختەکاری و دزی قبوڵ ناکەم، بۆیە لە دهۆک دەڕۆم، نەک لەبەرئەوەی ئەوەی لەم رۆژانەی دواییدا روویدا، بەڵکو دوای دوو هەفتەی دیکە گرێبەستەکەم کۆتاییدێت و بە یانەی دهۆکم گوتبوو، زۆر گرێبەستم بۆ هاتووە و وەکو ناو لە یانەی دهۆک گەورەترن، بەڵام ئارامی لە هەموو شتێک گرنگترە."
راهێنەری یانەی دهۆک دەڵێت "من کەسێکی ئاوا نیم بچمە دەرەوە و وێنە بگرم، بەڵام بەر لەوەی بڕۆم دەمەوێت بچم ئامێدی ببینم، ئاکرێ ببینم و زاخۆ ببینم."
میراڵ، لەبارەی ئەوەی لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقەوە سزادراوە گوتی "بەر لە یاریی بەرامبەر جەوییە بە دوو کاژێر و سێ کاژێر پێیانگوتم، نابێت تەنانەت مەشق بە یاریزانەکانیشم بدەمەوە، ئەمە بەو مانایەیە کە پێم دەڵێن بڕۆ، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە من راستی دەڵێم و هەر کاتێکیش بێتەوە ئەوە دەڵێمەوە، من بەردەوام داوام لە هاندەران کردووە بێنە یاریگە و پاڵپشتیی یاریزانەکان بکەن، بەڵام دەمەوێت شتێک بە هاندەران بڵێم، ئێمە هەرگیز خولی عێراق نابەینەوە، بارسێلۆنا و ریال مەدریدیش ببێنن ناتوانن خولی عێراق ببەنەوە."
دوای مەسعود میراڵ، دکتۆر عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک لە کۆنگرەکەدا قسەیکرد و گوتی "زۆر دڵتەنگین بۆ رۆیشتنی مەسعود میراڵ لە یانەکە، ئەوەی روویدا هی تەنیا یەک یاری نەبوو، بەڵکو ئەوە چەندین ساڵە ئەمە روودەدات و بەردەوامیش دەبێت و شتێکی ئاساییە، ئێمە لەگەڵی راهاتووین."
لەبارەی داهاتووی میراڵەوە، سەرۆکی یانەی دهۆک گوتی "ئێمە بە متمانەی زۆرەوە گرێبەستمان لەگەڵ کاپتن مەسعود کرد و بەیەکەوە دەستکەوتی گەورەمان بەدەستهێنا، دەرگای یانەکەمان بەردەوام بۆ ئەو کراوەیەوە و لاپەرەی سپیمان خستووەتە بەردەمی."
مەسعود میراڵ، لە دایکبووی 1-12-1987 لە گێرێ میرای نسێبینی باکووری کوردستان لە دایکبووە، ناوی باوکی حوسێنە و دایکیشی دەلالە، چوار خوشک و چوار بران و میراڵ بچووکترینی ماڵەوەیە، مەسعود میراڵ وەکو راهێنەر لەگەڵ یانەکانی دالکورد، وەسڵی ئیماراتی و چەندین یانەی دیکە کارکردووە و 3-8-2024 بووە راهێنەری یانەی دهۆک و 15-4-2025 لەگەڵ یانەکە وەکو یەکەم یانە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق نازناوی جامی کەنداوی لەگەڵ یانەکە بردەوە.