رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگ بەڕێوەدەچێت، هەردوو یانەی ئاستۆن ڤیلای ئینگلیزی و فرایبۆرگی ئەڵمانی رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی دووەم گەورەترین پاڵەوانێتی تۆپی پێی ئەورووپا دەکەن.
یارییەکە کاژێر 22:00 لەسەر یاریگای یانەی بێشکتاش لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەدەچێت، هەزاران هاندەری هەردوو یانە چوونەتە تورکیا بۆ ئەوەی بینەری یاریی کۆتایی بن و پاڵپشتیی تیپەکانیان بکەن.
ئاستۆن ڤیلا لە 1982ـەوە نەیتوانیووە هیچ نازناوێکی ئەورووپی بباتەوە، ئەمجارە پشتی بە ئەزموون و مێژووی گەورەی ئونای ئێمری بەستووە بۆ ئەوەی دوای 44 ساڵ ببێتە پاڵەوان لەسەر ئاستی کیشوەرەکە.
یانەی فرایبۆرگی ئەڵمانی، دەیەوێت گەورەترین دەستکەوت لە کاروانی مێژوویی خۆیدا بباتەوە و ئەگەر نازناوەکەی بردەوە، دەبێتە یەکەمجار لە مێژووی ئەو یانەیەدا کە نازناوێکی ئەورووپی بباتەوە.
ئەوەی لە یانە ئەڵمانییەکەدا سەرنجڕاکێشە، ئەوەیە تیپە لە قۆناخەکانی کرانە دەرەوەی یۆرۆپالیگدا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوتووە و لە قۆناخی شازدەوە تاوەکو گەیشتن بە یاریی کۆتایی بەرامبەر رکابەرەکانی 3 گۆڵ یان زیاتری کردووە و هێڵێکی هێرشبەریی بەهێزی هەیە.
جگە لەوەش یانەکە لەم وەرزەی یۆرۆپالیگدا 7 یاریی لە یاریگای خۆی ئەنجامدا و هەموو یارییەکانی بردەوە.
هەردوو یانە رۆژی سێشەممە دوایین ئامادەکارییەکانیان بۆ ئەم یارییە ئەنجامدا و ئامادەن بۆ رکابەرییەکی بەهێزی ئەورووپی و رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە.
ئونای ئێمری، لە یارییەکەی ئەمشەودا زۆرترین سەرنج بۆ خۆی دەبات، بەوپێیەی پێشتر وەکو راهێنەر 4 جار نازناوی یۆرۆپالیگی لەگەڵ سێڤییا 3 جار و ڤیاڕیال 1 جار بردووەتەوە و ئەزموونێکی زۆری لە پاڵەوانێتییەکەدا هەیە.
ئێمری یەکەم راهێنەرە 3 جار لەسەریەک نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بردبێتەوە و خاوەنی 4 نازناوی یۆرۆپالیگ بێت، ئەمشەو چاوی لە بردنەوەی پێنجەم نازناوە و دەیەوێت ئاستۆن ڤیلا بکاتە پاڵەوانی ئەورووپا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ