رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی کۆنگۆی دیموکرات بڕیاریداوە هاندەرە تایبەتەکەی کە بە 'لۆمۆمبا' ناسراوە، لەگەڵ خۆیدا بباتە مۆندیال، لەپێناو پشتگیریکردی هەڵبژاردەکە لە پاڵەوانێتییە جیهانییەکە.
یاریزانانی هەڵبژاردەی کۆنگۆ، داوایان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکەیانکرد، بەتایبەت ئەو هاندەرە لەگەڵ شاندی هەڵبژاردەکە بچێتە مۆندیال و فیلیکس ئانتوان چیکسیدی، سەرۆکی فیدراسیۆنەکە رەزامەندی بۆ گەشتەکە دەربڕیوە.
لۆمۆمبا، لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقای پێشوو لە مەغریب، سەرنجی هەموو جیهانی بۆخۆی راکێشا و بووە سیمبولی هەڵبژاردەی کۆنگۆی دیموکرات لە پاڵەوانێتییەکەدا.
لۆمۆمبا، ناوی راستەقینەی خۆی میشێل نکۆکایە، لە یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا، لەسەرەتای یارییەکانەوە تاوەکو کۆتایی یارییەکانی هەڵبژاردەکەی، لە نێو یاریگادا بەپێوە دەمایەوە و نەدەجوڵا، ئەوە وایکرد هەمووان سەرنجیان بچێتە سەری.
لۆمۆمبا، لەو جۆرە وەستانە درێژ و بێ جووڵەیەیدا، پەیکەرێکی پاتریس لۆمۆمبای سیمبولی سەربەخۆیی وڵاتەکەی بەرجەستەدەکرد کە لە کینشاسای پایتەختی وڵاتەکە دانراوە.
پاتریس لۆمۆمبا، ساڵی 1961 لەسەردەستی ژمارەیەک چەکداری لایەنگری حکومەتی بەلجیکا، کە پێشتر کۆنگۆی کۆڵۆنی کردبوو کوژرا، پاشئەوەی بەتووندی ئەشکەنجەدرا.
لۆمۆمبا سیاسییەکی ناسراوی وڵاتەکە بوو، یەکەم سەرۆکوەزیرانی کۆنگۆی دیموکراتی بوو لە پاش سەربەخۆییەوە لە 1960 و کوژرانی لەسەردەستی چەکدارانی لایەنگری بەلجیکا، ئەویکردە سیمبولی سەربەخۆیی وڵاتەکە.
ساڵی 2002، حکومەتی بەلجیکا داوای لێبوردنی فەرمیی لەسەر دەست هەبوون لە کوشتنی لۆمۆمبا، پێشکەشی حکومەت و خەڵکی کۆنگۆی دیموکرات کرد و بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی کوشتنەکەی لە ئەستۆ گرت.
ساڵی 2022 حکومەتی بەلجیکا، تاکە یەک دانی ئەو کەسایەتییەی گەڕاندەوە بۆ ماڵباتەکەی، چونکە ئەوە تاکە پاشماوەی جەستەی ئەو بوو کە مابێتەوە.
میشێل نکۆکا، وەکئەوەی میدیای کۆنگۆی دیموکرات ئاشکرایانکردووە، تەمەنی 49 ساڵە و ماوەی دە ساڵی رێکە، لە هەموو یارییەکی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیدا، بەو شێوەیە بەپێوە رادەوەستێت.
حکومەتی کۆنگۆ بڕیاریداوە بۆ مۆندیالی داهاتوو، نکۆکا بباتە پاڵەوانێتییەکە کە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک میوانداریی دەکەن و هەموو تێچوویەکی ماوەی مانەوەی لە ئەستۆ بگرێت و ڤیزاشی بۆ وەربگرێت.
هەڵبژاردەی کۆنگۆی دیموکرات، دووەمجارە بەشداریی لە مۆندیالدا دەکات و پێشتر یەکەمجار ساڵی 1974 لە ژێر ناوی زائیردا گەیشتە مۆندیال.
لە مۆندیالی ئەمجارەدا، هەڵبژاردەی کۆنگۆی دیموکرات، لە کۆمەڵەی یانزەیەم لەگەڵ هەڵبژاردەکانی پۆرتوگال، کۆڵۆمبیا و ئۆزباکستان یارییدەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ