لەوانەیە نازناوی جامی فەرەنسا کەمێک لە دڵتەنگی هاندەرە پاریسییەکان و سەرۆکی یانەکە کەمبکاتەوە پاش ئەوەی خەونە ئەوروپییەکانی ئەوان لە وەرزی ئەمساڵیشدا هاوشێوەی ساڵانی پێشوو نەهاتە دی.
پی ئێس جی کە ئەمساڵ لە هەموو ساڵێک زووتر نازناوی لیگ ئای یەکلاکردەوە و دوای ئەویش نازناوی جامی شێڵدی بردەوە، دەیەوێ هاوشێوەی وەرزی رابردوو سێیەم نازناوی ناوخۆیی بخاتەوە سەر رەفەکانی بارەگاکەی.
پاریسییەکان هەرچەندە بیر لە نازناوێکی دیکە دەکەنەوە، بەڵام خەمی سەرەکییان بەرەوپێشچوونە لە چامپیۆنزلیگدا چونکە باڵادەستبوونی ئەو یانەیە بەسەر نازناوەکانی ناوخۆدا هیچ گومانێکی لەسەر نییە.
یانە پاریسییەکە چاوی لە پێنجەم نازناوی جامی فەرەنسایە لە مێژووی خۆیدا لە کاتێکدا رکابەرەکەی کە مارسیلیایە، دەیەوێ کەمێک لە باری لاسەنگ و شێواوی وەرزی ئەمساڵی لە رێگەی ئەمجامەوە پارسەنگ بداتەوە.
مارسیلیا کە پێشتر بە یەکێک لە گەورەکانی فەرەنسا ئاماژەی بۆ دەکرا، ئەمساڵ لە نێو گێژاوێکی گەورەدا خولی لیگ ئای لە پلەی سیانزەدا کۆتایی پێهێنا.
مارسیلیا لە دوای رۆیشتنی مارسیلۆ بێلسای راهێنەری ئەرجەنتینییەوە بەشێکی زۆر لە هێز و توانای خۆی لەدەستداوە و ئەنجامە خراپەکانی یانەکە لەگەڵ میچێلی راهێنەری ئیسپانیدا دواجار کارگێڕیی یانەکەی هێنایە سەر ئەو بڕوایەی پێویستە ئەو راهێنەرە لە کارەکەی دووربخەنەوە.
مارسیلیا کە پێشتر 9 جار نازناوی جامەکەی بەدەستهێناوە و باڵادەستترینی نێو جامەکەیە، هەوڵدەدات کەمێک لە کاریگەریی دەستبەتاڵدەرچوونی لە هەموو پاڵەوانیەتییەکاندا بە جامی فەرەنسا قەرەبوو بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ