مارتینێز بە پەنجەیەکی شکاوەوە مێژووی بۆ ئاستۆن ڤێلا نووسییەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن ئیمیلیانۆ مارتینێز
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

ئیملیانۆ مارتینێز، گۆڵپارێزی یانەی ئاستۆن ڤێلا، دوای بەدەستهێنانی نازناوی یۆرۆپالیگ لەگەڵ یانەکەی، ئاشکرایکرد بەپەنجەیەکی شکاوەوە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەی ئەنجامداوە.
 
ئاستۆن ڤێلا لە یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگی ئەمساڵ بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە فرایبۆرگی ئەڵمانیی بردەوە و وەک هەمیشە، مارتینێز رۆڵی گەورەی هەبوو لە بەدەستهێنانی نازناوەکە بۆ یانەکەی.
 
مارتینێزی ئەرجەنتینی ئاشکرایکردووە، لە کاتی خۆگەرمگەرمکردنی پێش دەستپێکردنی یارییەکە، تووشی شکانی پەنجەی دەستی بووە و ناچاربووە پەنا بۆ تیمی پزیشکیی یانەکە ببات، بۆئەوەی بەخێرایی چارەسەری بۆ بکەن، بەرلەچوونە نێو یاریگا.
 
مارتینێزی تەمەن 33 ساڵان، دەڵێ "ئەمڕۆ لە کاتی خۆگەرمکردندا پەنجەم شکا، بۆ من هەموو شتێکی خراپ شتێکی باشی بەدواوە دێت، هەموو ژیانم بەم شێوەیە بووە و بەردەوام دەبم، ئایا دەبێت نیگەران بم؟ پێشتر هەرگیز پەنجەم نەشکاوە، بەڵام ئەمە پێویستی بە بەرگەگرتن هەیە و شانازم کە بەرگری لە گۆڵی ئاستۆن ڤێلا دەکەم".
 
لەکاتێکدا یوری تیلیمانس، ئیمی بوێندیا و مۆرگان رۆجەرز گۆڵەکانی ئەستۆن ڤێلایان تۆمارکرد، مارتینێز بە دوو گەڕاندنەوەی سەرنجڕاکێش تیپەکەی لە گۆڵ لێکران پاراست.
 
ئەم سەرکەوتنە یەکەم نازناوی ئەورووپیی ئاستۆن ڤێلایە لە ساڵی 1982ـەوە و یەکەم نازناوی گەورەی یانەکەیە لە ماوەی سێ دەیەی رابردوودا، ئەمەش پێگەی ئۆنای ئێمری، راهێنەری یانەکە وەک پاشای پاڵەوانێتییەکە زیاتر چەسپاند.
 
ئۆنای ئێمری لە کاروانی راهێنەرایەتیی خۆیدا پێنج جار و لەگەڵ سێ یانەی جیاوازدا، نازناوی هەمان پاڵەوانێتیی بەدەستهێنا.
 
مارتینێز دوای یارییەکە گوتی "ئەوەی ئەمڕۆ بەدەستمان هێنا جوان بوو، شانازی بەخۆم و تیپەکەمەوە دەکەم، هەوڵمدا هەموو هێز و ئەزموونی خۆم بەکاربێنم، ئەو مەشقانەی کەس نەیاندەبینی لەم یارییەدا بەرهەمیان هەبوو".
 
سەبارەت بە کاریگەری شکانی پەنجەی لەسەر بەشداریکردنی لە مۆندیال، مارتینێز ئاماژەی بەوە کرد کە بۆ بەرگریکردن لە نازناوی مۆندیال لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین ئامادە دەبێت، ئەو گوتی "ئێستا کاتی ئاهەنگگێڕانە لەگەڵ هاوڕێکانم، پاشان تەواوی سەرنجم دەچێتە سەر مۆندیال".
 
مارتینێز ئێستا خاوەنی نازناوی مۆندیال، دوو کۆپا ئەمریکا و یۆرۆپالیگە و لە مێژووی خۆیدا هیچ یارییەکی کۆتایی نەدۆڕاندووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە