بۆ دووەمجار پاڵەوانی کوردى یاری بۆکسێن بەرامبەرەکەی تێکشكاند

21-06-2015
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
ماکوان ئەمیرخانی، پاڵەوانی کوردی یاری بۆکسێن
ماکوان ئەمیرخانی، پاڵەوانی کوردی یاری بۆکسێن
نیشانەکردن ماکوان ئەمیرخانی
A+ A-

رووداو- هەولێر

ماکوان ئەمیرخانی، پاڵەوانی کوردی یاری بۆکسێن کە بە MMA ناسراوە، لە دووەم یاریدا هەر لە خولی یەکەم لە ماوەیەکی کورتدا بەسەر بەرامبەرەکەی سەركەوت.
 
لە یاریگای جیهانی O2 لە بەرلین، ئەمیرخانی هەر لە گێمی یەکەم دوای تێپەڕینی تەنیا خولەکێک و  و41 چرکە، توانی یاریزان ماسیۆ فوڵن کە بە رەگەز مەکسیکییەو دانیشوتووی ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکایە، ببەزێنێت.
 
لە 11 یاری پرۆفێشناڵدا، ئەمیرخانی دەیەم بردنەوەی مسۆگەر دەکات، هاوکات دوای بردنەوەی بەرامبەر ماسیۆ ئەمە دووەم بردنەوەیەتی لەم پاڵەوانێتییەدا.
 
رۆژی شەممە دوای دووەم سەرکەوتنی، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ئەمیرخانی بە چاوی پڕفرمێسکەوە باسی لە مەینەتی و ناخۆشییەکانی دەکرد کە بەهۆی رەوشی ئەوکاتی ئێران دووچاری خانەوادەکەی هاتوون، هاوکات دوورەوڵاتی ئاستەنگی زۆری لە ژیانی ئەم پاڵەوانە کوردە درووستکردووە، بەڵام ئەو هەمیشە خۆی بە نەبەرد و گەشبین لەبەردەم داهاتووی خۆی هەژماردەکات.
 
ماکوان بە چاوی پڕفرمێسکەوە دەڵێت " هەندێک گەنج لەو هەستە تێناگەن کە چەند ئەستەمە بەرگەی ئەوە بگریت کاتێک بە درێژایی تەمەن دایکت تۆی پەروەردەکردووە و پێیگەیاندووی، پاشان لەناکاو لەبەرچاوی وندەبیت و بۆ ماوەیەکی درێژ سەردانیان ناکەیت".
 
ئەمیرخانی لە ساڵی 1988 لە شاری کرمانشانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، لە تەمەنی لاوییەتی بەهۆی شەڕی ئێران و عێراق گواستراونەتەوە کەمپی تەش لە شاری رومادی، لە نێوەڕاستی نەوەدەکان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەهۆی خراپی رەوشیان گواستراونەتەوە فینلەندا.

ئەمیرخانی دەڵێت " ئاسان نییە لە نێو جەنگدا 8 منداڵ بەخێوکەی و دواتر بەرەو فینلەندا کۆچ بکەی، تەنانەت وشەیەکیش لەو زمانە نەزانی". ئەم پاڵەوانەی بۆکسێن بڕیاریداوە ئەو خەڵاتەی کە لەبەرامبەر براوەکان وەریدەگرێت، خەڵاتێکی گەورەی بۆ دایکی پێبکڕێت.

وەک خۆی دەڵیت " ئاگاداری خانەوادەکەم دەبم، چونکە شایەنی ئەوەن، داکم ماندووبوونی زۆر دەبینێت و هەمیشە لە زەلکاوەکان بۆ ئاودانی دەخڵ و دان ئاو دەهێنێت. ئێستا دەتوانم مزەخەیەکی بۆ بکڕم بۆئەوەی هێندە ماندوونەبێت".
 
خەنەوادەی ئەمیرخانی هەڵگری بیروباوەڕی ئایینی یارسانن، هاوکات بە اهل- الحەقیش ناسراوە،  ئەم ئایینە بەزۆری لەلایەن گۆرانییەکان پەیڕەودەکرێت، بەڵام لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە قەدەخەکراوە، لە رۆژهەڵاتی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک کورد پەیڕەوی ئایینی یارسانن.

هەرچەندە ئەمیرخان لە فینلەنداوە پێگەیشتووە، بەڵام دوورەوڵاتی هەست و سۆزی خاکەکەی لەبیرنەبردووەتەوە، ئەمەش لە دوایاری ئەو پاڵەوانە کوردە رەنگی دایەوە کاتێک بەسەر تیمی بەرامبەردا سەرکەوت و ئاڵای کوردستانی بەرزکردەوە، دواتر بە چەند کۆمێنتێک لەسەر تۆڕە کۆمەڵاتییەکان پشتگیری خۆی بۆ پێشمەرگە دووپاتکردەوە.

ئەمیرخانی تەنیا پاڵەوانی کورد نییە لەم پاڵەوانێتییە بەشداریکردووە، بەڵکو ئالان عومەر كە کوردێکی دیکەی شاری هەولێرە و لە تەمەنی چوار ساڵییەوە لە ئەڵمانیا جێگیربووە، لە مانگی نیسانی ساڵی پارەوە بەشداری لە دوو یاری پاڵەوانێتییەکەدا کردووە، بەڵام هەردوو یارییەکەی دۆڕاندوون.

یەکێک لە رۆژنامەڤانەكان پرسیاری لە ئەمیرخانی کرد ئاخۆ کورد شانازی بە سەرکەوتنەکانی ئەم پاڵەوانە دەکات ؟ ئەویش بە زەردەخەنەوە وەڵامی دایەوە و گوتی " بە دڵنیاییەوە، ئێستا کورد بایەخ بە جەنگ نادەن، بەڵکو ئاهەنگ دەگێڕن".






کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە