دهۆک 38 رۆژ و 6 یارییە تامی بردنەوەی نەکردووە و دەیەوێت بگەڕێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی دهۆک لە دۆخێکی خراپدایە و لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەدوای گەڕانەوە بۆ سەر سەرکەوتنەکان دەگەڕێت، بەڵام ئەرکی ئاسان نییە.
 
لە درێژەی یارییەکانی گەڕی 36ـی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، یانەی دهۆک ئەمڕۆ ئێوارە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی گەرمە یاری دەکات، یارییەکە کاژێر 19:00 لە یاریگەی رومادی بەڕێوەدەچێت.
 
دهۆ لە ماوەی رابردوودا کەوتووەتە نێو دۆخێکی خراپدا و ئەنجامەکانی وەکو پێویست نین، یانەکە لە دوایین 6 یارییدا هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە و 38 رۆژە یانەکە تامی بردنەوەی نەکردووە، ئەمەش هاندەرانی یانەکەی نیگەرانکردووە و چاویان لە گەڕانەوەی یانەکەیانە بۆ سەر رێگەی راست.
 
لەلایەکی دیکەوە لەو کاتەوەی ئەمیر ئازرەفشان بووەتە راهێنەری یانەکە، دهۆک هیچ بردنەوەیەکی نەبووە و راهێنەرەکەش دەیەوێت یەکەم بردنەوە وەکو راهێنەری یانەکە تۆماربکات.
 
لە بەرامبەردا یانەی گەرمە دوایین دوو یاریی بردووەتەوە، لە دوایین 7 یارییدا 5 بردنەوەی هەیە دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات.
 
ئەم یارییە بۆ دهۆک هەلێکی باشە بۆ پارێزگاریکردن لەو هیوایەی کە دەکرێت یانەکە بگەیێنێتە پاڵەوانێتییەکی دەرەوەی عێراق، لە کاتێکدا یانەکە بە 54 خاڵ لە پلەی شەشەمی ریزبەندی خولەکەیە، یانەی جەوییە سێ خاڵ لێیەوە دوورە و بەرامبەر یانەی هەولێر دۆڕاوە.
 
یانەی گەرمە ئێستا لە پلەی هەشتەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە بە کۆکردنەوەی 52 خاڵ.
 
بردنەوەی یارییەکە بۆ دهۆک دووجار گرنگە، هەم یانەکە دەگەڕێنێتەوە سەر رێگەی راست و هەمیش ورەیەکی زیاتر دەداتە یاریزانانی یانەکە بۆ یارییەکەیان بەرامبەر یانەی هەولێر لە کلاسیکۆی کوردستاندا کە رۆژی چوارشەممە لە یاریگەی فرانسۆ هەریری بەڕێوەدەچێت.