تاکسییەکەی یاریزانانی کورد

21-09-2018
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن سامان وڵاتژێری، بێژەری وەرزشی رووداو
A+ A-

یاریزانی کورد زۆر هەژارە، لە رووی رۆشنبیری و خوێندنەوە بۆ داهاتووی خۆی، دەمەوێت لەسەر ئەم باسە سەرنجتان بۆ چەند چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشی نێو یاریزانە کوردەکان رابکێشم، کە بەداخەوە ئەوان کەمترین سوودیان لە ئەزموونی یاریزانە پیشەگەرەکانی دونیا وەرگرتووە بۆ بەرەپێشبردنی خۆیان و کارکردنیان بە پلان و بەرنامە.

هێشتا خولی نایابی کوردستان دەستی پێنەکردووە، بازاری گواستنەوەی یاریزانان کە کەس سەر و بنەکەی نازانێت کەی دەستپێدەکات و کەی کۆتاییدێت بۆ خولەکە بەردەوامە، یانە هەیە چەندین یاریزانی تاوەکو ئێستا گواستووەتە کەچی نەک باس ناکرێ یانەکەش بڵاوی ناکاتەوە،لەبەرئەوەی زۆرینەی یانەکان راگەیاندنیان نییە، ئەوانەشی کە هەیانە زۆر لاوازە، هۆکارێکی دیکەش خودی یاریزانەکانن کە خۆیان بەلاوە گرنگ نییە و لەکاتی پەیوەندیکردن بە یانەکان ئەوەی کە بەخەیاڵیاندا دێت تەنیا پارەیە، رۆژێک بینیووتانە یانەیەکی کوردستان کاتێک یاریزان دەکرێت یاریزانەکە بەدرێسی یانەکەوە بێتە نێو یاریگە و چەند نمایشێک بکات، ئەمە نەک هەر نییە، یانە هەیە یاریزانی گواستووەتە تاوەکو یاریی نەکات کەس نازانێت یاریزانی نوێیە.

هۆکار زۆرن بۆ خراپی بارودۆخی یاریزانی کورد، بەشێکی زۆر کەمی یاریزانەکانی کوردستان بەڕێوەبەری کاریان هەیە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ یانەکان بکەن، ئەوانەشی کە هەیانە بە دزییەوە کارەکان دەکەن، ئاخر هەبوونی بەڕێوەبەری کاری یاریزانان شتێکی زۆر گرنگە و بەڕێوەبەرەکە دەتوانێت باشترین دەستەوارەت بۆ بدۆزێتەوە، نەک خۆت هەر یانەیەک مەرحەبای کردی وەڵامیان بدەیتەوە و بکەویتە گفتوگۆ، بەڵام کە ئێوە بیرلەوە نەکەنەوە بە پلان کارەکانتان بکەن، هەر بۆ ئەوە باشن یانەکان مافەکانتان بخۆن.

کەم یاریزانی کورد هەیە ئاستی رۆشنبیری و هزری هێندە بەرز بێت دوور بڕوانێت، ئاخر بووە یاریزان بیت و لەسەر قسەی ئەم و ئەو یانەکەت بەجێبێڵێت، چۆن دەبێت یاریزان یانەیەک کە پاڵەوانی کوردستانە لە پێناو مووچەیەکی زیاتر بچێتە یانەیەکی دیکە، ئەمە جگە لەوەی یاریزانەکان وەفایان بۆ تیپەکانیان نییە، تیپ هەیە لە ژیانیدا مافی یاریزانێکی نەخواردووە و هەموو مافەکانی لە کاتی خۆیدا بە یاریزانەکە داوە، بەڵام یاریزانەکە لەبەرئەوەی لە یانەیەکی دیکە چەند سەد هەزارێک زیاتری پێدراوە لە یانەکە رۆیشتووە و بە تەلەفۆن بە یانەکەی گوتووە.

ئەم ماوەیە زۆرترین قسەم لەگەڵ بەرپرسانی یانەکانی کوردستان و راهێنەرەکانیان کردووە، بەڕاستی شت گەلێکی بالکێشم لەبارەی یاریزانەکانەوە بیستووە، یاریزان ئەگەر هەندێک خۆی بەلاوە گرنگ بێت ناچێت داوای دەستبەرداربوونەکەی بەشێوەیەکی زۆر ناڕێک لە یانەکەی بکات، یاریزان هەیە بە یانەکەی گوتووە دەستبەرداربوونەکەم بە تاکسی بنێرن، ئاخر ئەمە لە کوێی دونیا هەیە؟

یاریزانی کورد لە ژیانیدا بیر لەوە ناکاتەوە چۆن کاربکات، هەر هێندە گرێبەستێکی باشی پێشکەشکرا، بەلایەوە گرنگ نییە لە داهاتوودا چی دەبێت و چۆن دەبێت، ئاخر بووە کەس پاڵەوان لەپێناو پارە بە یانەیەکی ئاسایی بگۆڕێت؟

کێشەیەکی دیکەی یاریزانی کورد ئەوەیە بوێرنین بەرامبەر میدیا بۆ ئەوەی دوو قسەبکات، ئاخر ئێستا هیچ شتێک هێندەی راگەیاندن کاریگەریی نییە، بوێربن وەرن قسەبکەن و بەشێوەیەکی رێک و پێک پەیامەکانتان بگەیێنن، بزانن یانەکان کە ئەوان پێویستیان بە ئەوەیە نەک ئێوە پێویستیتان بەوان بێت چۆن هەموو کارەکانیان بەرامبەر ئێوە دەگۆڕێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە