عەبدوڵڵا مەحمود: نازناوی جامی كۆنیفا بۆ هەڵبژاردەی كوردستان دەبێت

22-05-2014
ئه‌رسه‌لان عه‌بدولڵا
ئه‌رسه‌لان عه‌بدولڵا
نیشانەکردن هەڵبژاردەی كوردستان جامی كۆنیفا عەبدوڵڵا مەحمود
A+ A-

رووداوی وەرزشی - ئەرسەلان عەبدوڵڵا

عەبدوڵڵا مەحمود راهێنەری هەڵبژاردەی كوردستان لە تۆپی پێ رایگەیاند تیپەكەی تا ساتی بەڕێكەوتن بۆ سوێد لە مەشق و ئامادەكاری بەردەوام دەبێت و گەشبینیی خۆشی پێشاندا كە تیپەكەی ببێتە پاڵەوانی جامی كۆنیفا.

هەڵبژاردەی كوردستان بەشداریی لە یەكەم پاڵەوانیەتیی جامی كۆنیفا دەكات، كە لە سوێد لە سەرەتای مانگی داهاتوو بە بەشداریی 12 هەڵبژاردەی هەرێمەكان بەڕێوەدەچێت.

هەڵبژاردەی كوردستان نزیكەی دوو هەفتەیە كۆبووەتەوە و رۆژانە مەشق و راهێنان ئەنجامدەدات بە مەبەستی خۆئامادەكردنێكی باش بۆ پاڵەوانیەتییەكە، تا ئێستاش 3 یاریی دۆستانەی كردووە، دوو یاری لەگەڵ یانەی موسڵ كردووە، یەكەمیان بەبێ گۆڵ یەكسانبوو، دووەمیشیان بە 1-3 گۆڵ دۆڕا، پاشان بە 2-1 گۆڵ لە یانەی سلێمانیی بردەوە.

عەبدوڵڵا مەحمود راهێنەری هەڵبژاردەی كوردستان بە رووداوی وەرزشی راگەیاند كە تا ساتی بەڕێكەوتنیان بەرەو سوێد، لە مەشق و راهێنان و یاریی دۆستانە بەردەوامبدەبن "ئامانجمان ئەوەیە تیپەكە بە باشترین شێوە ئامادەبكەین"
هەروەها گوتی: "دەمانەوێت زۆرترین یاریی ئامادەكاری ئەنجام بدەین، بەڵام كاتەكەی گونجاو نییە و لە كاتی ئێستادا تیپی بەهێز نییە یاریی لەگەڵدا بكەین".

ئاماژەی بەوەشدا "كێشەمان لە هەندێك یاریزانی تیپەكە هەیە، كە لەگەڵ یانەكانیاندا بەشداریی ركابەرییەكانی خولی عێراق دەكەن و ناتوانن بە رێكوپێكی لەگەڵ ئێمەدا مەشق بكەن، بۆیە دەتوانم بڵێم خولی عێراق كێشەی بۆ دروستكردووین".

ستافی مەشقی هەڵبژاردەكە چوار یاریزانی پیشەگەری كوردیان بانگهێشتی تیپەكە كردووە، بەڵام ئەوان نایەنە هەولێر و لە سوێدەوە پەیوەندیی بە تیپەكە دەكەن پێش چەند رۆژێك لە دەستپێكی خولەكە، یاریزانەكانیش بریتیین لە "ئوسامە رەشید، ئەحمەد یاسین، هاوبیر مستەفا و رۆژگار زرار".
عەبدوڵڵا مەحمود لە بارەی ئاستی ئەو یاریزانە و درەنگ پەیوەندیكردنیان بە تیپەكە، گوتی: ئەوان یاریزانی ئاستبەرزن، بۆیە بڕوام وایە بە ماوەیەكی كورت دەتوانن لەگەڵ تیپەكە خۆیان بگونجێنن و سوود بە پێكهاتەكە بگەیەنن. 

راهێنەری كوردستان زانیاریی پێویستی لە بارەی تیپە بەشدارەكانی پاڵەوانیەتیی كۆنیفا نییە "زانیارییمان هەیە، بەڵام وەكو پێویست نییە، بەڵام خەریكین لەگەڵ راهێنەری یاریدەدەرم كاپتن سلێمان رەمەزان، زانیاری لەسەر تیپەكان كۆدەكەینەوە".

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەشی كە تا چەند بڕوای بە توانای تیپەكەی هەیە نازناوەكە بباتەوە، مەحمود گوتی: "بە ئاستی یاریزانان و ستافەكەم گەشبینم و بڕوام وایە كە سەركەوتوو دەبین و پشت بە خوا نازناوەكە هەر بۆ كوردستان دەبێت".

عەبدوڵڵا مەحمود لە 2012 سەركردایەتی هەڵبژاردەی كوردستانی كرد لە جامی جیهانیی ڤیڤا بۆ هەرێمەكان و نازناوەكەی بەدەستهێنا، كە لە هەولێر بەڕێوەچوو، پێش ئەوەش لە پاڵەوانیەتیی نێودەوڵەتیی فەڵەستین پلەی سێیەمی بەدەستهێنا، كە لە فەڵەستین بەڕێوەچوو.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە