دی خیا: "بە هەموو هێزمەوە لە مێسیم دا، بەڵام یەک ئینج نەجووڵا"



رووداو دیجیتاڵ

داڤید دی خیا، گۆڵپارێزی ئیسپانی و پێشووی یانەی مانچێستەر یونایتد، باس لە ئەزموونی خۆی لەگەڵ لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەکات و دەڵێت، مێسی "لە مەڕمەڕ دروستکراوە" و رۆناڵدۆش "یاریزانێکی ئاسایی نییە".


گۆڵپارێزە بەئەزموونەکە کە لە ئیسپانیا و لە یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەستی بە کاروانی وەرزشی کرد، چەندینجار رووبەڕووی بارسێلۆنا و لیۆنێل مێسی بووەوە و ویستوویەتی بە شێوازی تایبەتی خۆی لە مێژووی ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە بچێتە ژوورەوە.

دی خیا دان بەوەدا دەنێت کە هەوڵیداوە بە شێوەیەکی زۆر توند مامەڵە لەگەڵ مێسی بکات، بەڵام بۆی دەرکەوتووە براوەی 8 خەڵاتی باڵۆن دۆر لەوە بەهێزترە کە لە رووخساریدا دیارە.

دی خیا لە لێدوانێکیدا دەڵێت: "جارێکیان لە ئاتلێتیکۆ مەدرید یاریم دەکرد و زۆر گەنج بووم، شانێکی زۆر بەهێزم لە مێسی دا، وامدەزانی دەتوانم 3 مەتر فڕێیبدەم. ویستم هەست بە ئامادەبوونی من بکات و پەیامێکی بەهێزی پێبگەیەنم، لە ناوچەی سزا تۆپێکم گرت و پێش ئەوەی دووریبخەمەوە، بە جەستە و شانم زۆر بەتوندی خۆمم پێدا کێشا، سوێند دەخۆم نەمتوانی یەک ئینج بیجوڵێنم. وەک ئەوەی لە مەڕمەڕ دروستکرابێت! دڵنیاتان دەکەمەوە کە لێدانەکە زۆر بەهێز بوو، بەڵام ئەو نەجووڵا."

دی خیا ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەمە نموونەیەکە لەسەر ئەوەی مێسی، وەک کریستیانۆ، هەمیشە گرنگی بە هەموو شتێکی ژیانی وەرزشی داوە. دەشڵێت: "مێسی باڵای کورتە، بەڵام جەستەیەکی باوەڕپێنەکراوی هەیە. ئەمەش بەهۆی هزرییەوە دروستیدەکەیت. بۆیە دەمەوێت بزانم چەند یاریزان دەتوانن لە چەند ساڵی داهاتوودا بگەنە ئاستی ئەوان، نەک بۆ یەک یان دوو وەرز، بەڵکو بۆ ماوەی 20 ساڵ!"

دی خیا لەبارەی رۆناڵدۆ دەڵێ: "ئەوە ئاسایی نییە. تەمەنی نزیکەی 40 ساڵە و هێشتا گۆڵ تۆمار دەکات و نازناو دەباتەوە. ئەو دڕندەیەکی رکابەرە. شێوازی گرنگیدانی بە خۆی سەرسوڕهێنەرە. لە مێژوودا تەنیا یەک یان دوو کەسی وەک ئەو هەن. رەنگە بۆ ساڵێک یان دووان باش بیت، بەڵام ناتوانیت بۆ ماوەی 20 ساڵ بەو شێوەیە بەردەوام بیت."

رۆناڵدۆ گرێبەستەکەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە نوێکردووەتەوە، کە وادەکات تاوەکو دوای تەمەنی 42 ساڵی لەوێ بەردەوام بێت، لە کاتێکدا مێسی هێشتا گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ئینتەر مایامی لە خولی ئەمریکا درێژنەکردووەتەوە. پێشبینی دەکرێت هەردوو ئەستێرە گەورەکە لە جامی جیهانیی 2026 لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەشداربن.