رووداو دیجیتاڵ
یانەی ڤایادۆلیدی ئیسپانی، لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا، سەرکۆنەی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی کردووە، بەهۆی یاخیبوونی عەبدوڵا بای یاریزانی تەمەن 18 ساڵی یانە ئیسپانییەکە.
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان پێشتر ئاشکرایانکردبوو کە با لەماوەی گواستنەوەی زستانەدا پەیوەندی بەمانچێستەر سیتییەوە دەکات.
یانەی ڤایادۆلید لە بڵاوکراوەکەیدا دەڵێ، "عەبدوڵا با و بەڕێوەبەری کارەکانی یانەی ڤایادۆلیدیان ئاگادارکردەوە کە تاکلایەنە، نیازی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی نێوانیان لەگەڵ یانەکە هەیە، ئەمەش رۆژێک بەرلەوەی یانەی مانچێستەر سیتی داواکارییەک بنێرێت بۆ دەستپێکردنی دانوستاندن لەپێناو گواستنەوەی ئەو یاریزانە بۆ ریزەکانی".
یانە ئیسپانییەکە دەڵێ، رۆژی دواتر، با بڕیاریداوە نەیەتە مەشقەکانی یانەکە و لەسەر ئەو بنەمایەش، یانەکەمان بەرپرسیارێتی پابەندنەبوون دەداتە پاڵ یاریزانەکە و داوامان لە بەشی یاساییمانکردووە رێوشوێنی تەمبێکارانەی بەرامبەر بگرێتە بەر".
ڤایادۆلید دەڵێ، "پێمانوایە یانەی مانچێستەر سیتی لەپشت بڕیاری یاریزانەکەوەیە بەمەشقنەکردن، وا دەیارە ئەو یانەیە ئەو یاریزانەی ئاراستەکردووە بۆ گرتنەبەری ئەو رێگایە کە وایکرد ڤایادۆلید ناچاربێت بەرگری لە خۆی بکات، بەتایبەت پاشئەوەی دەستەوارەی چەندین یانەی دیکەمان رەتکردەوە".
یانەکە هەروەها دەڵێ، "ئەمە جیا لەوەی ئەو یاریزانە تاوەکو ئێستا لە ژێر پاراستنی یاسایی تایبەت بەلاوانە و لەماوەی رابردوودا رەتیکردووەتەوە مۆڵەتی واژۆکردن بۆ تیپێکی باڵاتری لە یانەی ڤایادۆلید هەبێت، چونکە ئەوە دەبووە زیادبوونی خۆبەخۆیی مەرجی سزای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی".
ڤایادۆلید لە کۆتاییدا دەڵێ، "لە رێگەی چەند داواکارییەکەوە، هەرسێ لایەنەکەمان لە ئەنجامی چاوەڕوانکراوی کارەکانیان ئاگادارکردەوە".
عەبدوڵا با، هاوینی رابردوو بەشێوەی خواستن لە یانەی فریتاونی سیرالیۆنییەوە پەیوەندی بە ڤایادۆلیدەوە کرد.
گرێبەستی خواستنی ئەو یاریزانە لە مانگی حەوتی ئەمساڵدا کۆتایی دێت و گرێبەستەکەی خاڵی کڕینەوەی یەکجاری لەلایەن یانەی ڤایادۆلیدەوە تێدایە.
لەنێو مشتومڕی نێوان هەردوو یانەدا، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا رایگەیاند، ئەو یاریزانە پارەی مەرجی سزای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی داوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ