رووداو دیجیتاڵ
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید کلیلەکانی شۆڕشی نوێی یانەکەی دەداتە دەست جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری پۆرتوگالی و ئەو راهێنەرە سێ گرێبەستی گەورەی دەوێت.
سیمای پڕۆژەکەی ریال مەدرید بۆ وەرزی داهاتوو بەخێرایی روون دەبێتەوە، دوای ئەوەی جۆزێ مۆرینیۆی پۆرتوگالی لە گەڕانەوە بۆ قەڵای سانتیاگۆ بێرنابیۆ نزیک بووەتەوە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی دێفنسا سێنتڕاڵ، ئەم هەنگاوە ئەگەر هەیە لە چەند رۆژی داهاتوودا بەفەرمی رابگەیێنرێت ئەگەر هەڵبژاردنی ناوخۆیی لە یانەکەدا ئەنجام نەدرێت.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، فلۆرێنتینۆ پێرێز گەیشتووەتە رێککەوتنی تەواو لەگەڵ مۆرینیۆ بۆ سەرکردایەتیکردنی تیپەکە لە سەرەتای وەرزی 2026-2027 لە ئێستاوە گفتوگۆی چڕ لە نێوان هەردوولا دەستی پێکردووە دەربارەی پێداویستییەکانی تیپەکە و پلانی گەڕاندنەوەی ریال مەدرید بۆ سەر سەکۆی نازناوەکان، دوای وەرزێکی کارەساتبار کە تێیدا یانەکە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2021ـەوە بێ نازناو مایەوە.
وا دیارە راهێنەرە پۆرتوگالییەکە وێنایەکی روونی هەیە بۆ ئەو بەهێزکردنانەی تیپەکە پێویستییەتی، بەتایبەت دوای رۆیشتنی ئەلڤارۆ ئەربێلوا لە پۆستی راهێنەرایەتی. مۆرینیۆ دەیەوێت تیپێکی هاوسەنگتر و بەهێزتر بنیاد بنێت کە توانای گەڕاندنەوەی شکۆی ئەورووپی و ناوخۆیی هەبێت.
جیانلوکا دی مارزیۆی رۆژنامەنووسی ئیتاڵی، دووپاتیکردەوە کە مۆرینیۆ داواکارییەکانی خۆی لە بازاڕی گواستنەوەکاندا دیاری کردووە، کە سێ گرێبەستی گەورەن و بریتین لە بەرگریکارێکی دڵ، یاریزانێکی ناوەڕاست کە توانای سەرکردایەتیکردنی بنیادنانی یاریی هەبێت، لەگەڵ هێرشبەرێکی سەرەڕم بۆ ئەوەی بژاردەی دیکەی هێرشبەری بە تیپەکە ببەخشێت.
* روبن دیاز.. ئامانجی یەکەمە بۆ بەهێزکردنی بەرگری
روبن دیازی پۆرتوگالی، بەرگریکاری مانچێستەر سیتی، لە سەرووی لیستی داواکارییەکانی مۆرینیۆدایە بۆ هێڵی بەرگری، چونکە راهێنەرەکە باوەڕی تەواوی بە توانای سەرکردایەتی و ئەزموونی گەورەی ئەو یاریزانە هەیە لە بەرزترین ئاستەکاندا.
دیاز تاوەکو هاوینی 2029 گرێبەستی لەگەڵ یانە ئینگلیزییەکە هەیە، ئەمەش وا دەکات گرێبەستەکە ئاڵۆز بێت، بەڵام پشتیوانی تەواوی کارگێڕیی مەدریدی هەیە. هەروەها رۆڵی خۆرخێ مێندێزی بەڕێوەبەری کاری بەنێوبانگ، کە لە مۆرینیۆوە نزیکە، لەوانەیەکارئاسانی بۆ ئەم جۆرە گرێبەستانە بکات.
* ڤیتینیا.. چارەسەری چاوەڕوانکراو بۆ قەیرانی هێڵی ناوەڕاست
لە هێڵی ناوەڕاستدا، مۆرینیۆ پێیوایە ریال مەدرید هێشتا بەدەست وازهێنانی لەناکاوی تونی کرووسی ئەڵمانییەوە دەناڵێنێت، بەتایبەت دوای رۆیشتنی لوکا مۆدریچیش، کە وایکرد تیپەکە دوو لە گرنگترین توخمەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی ریتمی یاری و بنیادنانی هێرشەکان لەدەستبدات. هەر بۆیە راهێنەرە پۆرتوگالییەکە ڤیتینیای ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی پاریس سانجێرمانی وەک ئامانجێکی سەرەکی داناوە.
هەرچەندە رۆیشتنی ئەو یاریزانە لە پاریس ئاسان نییە، بەڵام راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەری تاقیکردنەوەی ئاستەنگێکی نوێ لەلایەن یاریزانەکەوە بەکراوەیی ماوەتەوە.
* مۆرینیۆ بە داواکردنی هێرشبەرێکی نوێ هەمووان تووشی سەرسوڕمان دەکات
سەرەڕای ئەوەی ریال مەدرید کۆمەڵە هێرشبەرێکی ترسناکی وەک کیلیان ئێمباپێ و ڤینیسیۆس جۆنیۆری هەیە، بەڵام مۆرینیۆ زۆری بۆ کارگێڕیی یانەکە هێناوە بۆ کڕینی هێرشبەرێکی سەرەڕم 'کلاسیکی' نوێ لە هاوینی داهاتوودا.
مۆرینیۆ پێیوایە تیپەکە پێویستی بە هێرشبەرێکی سەرەڕمی کلاسیکی هەیە بۆ ئەوەی جۆراوجۆری زیاتر بە هێڵی پێشەوە ببەخشێت و کێبڕکێ لە ناو پێکهاتەکەدا زیادبکات، بەتایبەت لەگەڵ ئەگەری رۆیشتنی گۆنزالۆ گارسیا و گەڕانەوەی ئێندریک لە خواستن.
مۆرینیۆ بەمە دەیەوێت فەلسەفە کۆنەکەی خۆی جێبەجێ بکاتەوە کە لە خولی یەکەمیدا لە مەدرید هەیبوو، کاتێک پشتی بە زیاتر لە هێرشبەرێکی بەهێز دەبەست وەک بنزیما و هیگواین.
لیستی هێرشبەرە بەربژێرەکانی ئێستا پێکهاتووە لە: ڤیکتۆر ئۆسێمینی هێرشبەری گاڵاتەسەرای و دۆسان ڤلاهۆڤیچی ئەستێرەی یوڤێنتوس، بەڵام تەواوکردنی هەر گرێبەستێکی گەورە لە هێڵی هێرشبەریدا، بەندە بە توانای ریال مەدرید لە یەکلاییکردنەوەی دۆسێیەی ئەو یاریزانانەی کە یانەکە جێدەهێڵن بۆ ئەوەی قەرەبووی دارایی و هونەری لە ناو تیپەکەدا بکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ