رووداو هەولێر
بەپێی چەند راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە بەریتانیاوە، ئەگەری هەیە گۆڵپارێزی ئیسپانی، داڤید دی خیا، لەناکاو هەمووان شۆک بکات و وازهێنانی خۆی لە تۆپی پێ رابگەیەنێت.
ئەو سەرچاوانە باس لەوە دەکەن، کە دی دیخیای تەمەن 32 ساڵ، کە دوای ئەوەی ماوەی گرێبەستەکەی لە هاوینی ئەمساڵدا لەگەڵ مانچێستەر یونایتد کۆتاییهات، ئێستا یاریزانێکی ئازادە، بەڵام بیر لەوە دەکاتەوە بەیەکجاری لە تۆپی پێ دووربکەوێتەوە.
ئەو راپۆرتە رۆژنامەڤانیانە دەڵێن "دیخیا گەیشتووەتە قۆناخێک کە ئەگەر یانەیەکی گەورە نەدۆزێتەوە، کە تیایدا بتوانێت ببێتە گۆڵپارێزی سەرەکی، بڕیاری وازهێنانی خۆی رادەگەیەنێت".
گۆڵپارێزە ئیسپانییەکە لە هاوینی رابردوودا چەندین دەستەوارە لە سعودییەوە پێشکێشی کران، بەڵام هەمووانی رەتکردەوە و سوورە لەسەر ئەوەی کە بەردەوام بێت لە یاریکردن لەسەر بەرزترین ئاستی ئەوروپا.
دی خیا سەرەڕای ئەوەی ئێستا هیچ یانەیەکی نییە، بەڵام بەردەوامە لە ئەنجامدانی مەشق و راهێنانەکانی، بۆ ئەوەی توانای جەستەیی خۆی بپارێزێت و خۆی بۆ هەر ئەگەرێک ئامادە بکات.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، دیخیا نائومێد بووە بەهۆی شێوازی جێهێشتنی یانەی مانچێستەر یونایتد، دوای ئەوەی ناکۆکی لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی کەوتە نێوان خۆی و مان یونایتد، پاش ئەوەی 12 وەرز بەرگری لە تۆڕی گۆڵی ئەو یانەیە کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ