رووداو - هەولێر
چەند کاژێرێکی دیکەی یاریی کلاسیکۆی نێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و بارسێلۆنا هەموو چاوەکان دەباتە سەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا بۆ ئەنجامدانی یەکێک لە بەهێزترین و سەرنجڕاکێشترین یارییەکانی جیهان لە گەڕی 17ی لالیگا.
کاژێر 15:00 بەکاتی باشووری هەردوو یانە بۆ یەکەمجار لە نیوەڕۆدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە و بەهۆی ئەمشەوە یارییەکە لە رووی بینەرەوە ریکۆردێکی مێژوویی تۆماردەکات و یەک ملیار بینەر تێپەڕدەکات کە 30 کامێرای 4K بۆ یەکەمجار رووماڵی یارییەکە دەکەن و یارییەکە بۆ 182 وڵاتی جیهان دەگوازنەوە.
کلاسیکۆی ئەمجارە جیاوازییەکی زۆری هەیە، بەو پێیەی بارسێلۆنا تاوەکو ئێستا لەم وەرزەی لالیگادا نەدۆڕاوە و بەجیاوازیی 11 خاڵ لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەدایە، بۆیە زۆرن ئەوانەی پێیان وایە بردنەوەی کەتەلۆنییەکان لە یارییەکەدا ریال مەدرید دەخاتە دەرەوەی رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوەکە.
بەر لەیارییەکە زینەدین زیدان، راهێنەری ریال مەدرید ئامادەیی تەواوی پێکهاتەکەی بۆ یارییەکە راگەیاند و هەموو ئەو گومانانەشی رەواندەوە کە باسیان لە بەشدارینەکردنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یارییەکەدا دەکرد، کاتێک گوتی ئەو یاریزانە 100% بۆ یارییەکە ئامادەیە و بەشداری دەکات.
لەبەرامبەردا ئێرنێستۆ ڤالڤێردی، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا گوتی، ئێمە بۆ بردنەوە دەچینە مەدرید و بەو هیوایەم ئاستێکی بەرز لە یارییەکەدا پێشکەشبکەین و یارییەکە ببەینەوە.
چەند زانیارییەک لەسەر کلاسیکۆ
یەکەمجارە کلاسیکۆ لە کاتێکی نیوەڕۆدا دەکرێت.
بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بینەرەکانی کلاسیکۆ ملیارێک تێدەپەڕێنێت.
لە مێژوودا 236 یاریی کلاسیکۆ کراوە، ریال مەدرید 95 یاریی بردووەتەوە، بارسێلۆنا 92 یاریی بردووەتەوە و 49 یارییش بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە.
لۆس بلانکۆس لەو یارییانەدا 399 گۆڵی تۆمارکردووە و بلاوگرانا 384 گۆڵی تۆمارکردووە.
مێسی بە تۆمارکردنی 24 گۆڵ گۆڵکاری کلاسیکۆیە
مانوێل سانچێز، یاریزانی پێشووی ریال مەدرید 43 یاریی کلاسیکۆی ئەنجامداوە
کەریم بێنزیما لە 21 چرکەدا خاوەنی خێراترین گۆڵی کلاسیکۆیە
پێکهاتەی پێشبینیکراوی کلاسیکۆ
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ