یەکەم ئامانجی ریال مەدرید بۆ وەرزی داهاتوو ئاشکرابوو


رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ ئەوەی هێشتا زۆری ماوە وەرزی تۆپی پێی ئەورووپا لەسەر ئاستی خولە ناوخۆییەکان و کیشوەرییەکان تەواو ببێت، بەڵام هێشتا داهاتووی ئەلڤارۆ ئەربێلوا، لەسەر کورسی راهێنەرایەتیکردنی یانەی ریال مەدرید پرسیاری زۆری لەسەرە.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا و ئینگلتەرا باس لەوە دەکەن، ریال مەدرید هێشتا بیر لە راهێنەرێک دەکاتەوە بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو لە بێرنابیۆ سەرکردایەتی تیپەکەیان بکات.
 
بەپێی سەرچاوەکان، لە ئەگەری چوونە دەرەوەی ریال مەدرید لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا و لەدەستدانی نازناوی ئەم وەرزەی لالیگا، بە ئەگەری زۆرەوە بۆ وەرزی داهاتوو ئەربێلوا راهێنەری یانەکە نابێت و پێشینەی رەها لە ریال مەدرید گرێبەستکردن دەبێت لەگەڵ یۆرگن کڵۆپ.
 
ماوەیەکی زۆرە ناوی کڵۆپ بە یانەی ریال مەدریدەوە بەستراوەتەوە و ئەو راهێنەرە خۆیشی زیاتر لە جارێک رایگەیاندووە، ئاگاداری ئەو دەنگۆیانەیە کە باس لە پەیوەندیکردن بە یانە ئیسپانییەکەوە دەکەن، بەڵام هێشتا هیچ شتێکی فەرمی نییە.
 
ماڵپەری دێڤێنسا سێنتراڵی ئیسپانی پێشتر رایگەیاندبووە، کڵۆپ بۆ وەرگرتنی راهێنەرایەتی ریال مەدرید چەند مەرجێکی هەیە، ئەویش بەهێزکردنی هێڵی بەرگری و ناوەڕاست و گەڕاندنەوەی ئێندریک کە بەخواستن لە یانەی لیۆنی فەرەنسی یاریی دەکات.
 
کڵۆپ لەو کاتەوەی لە یانەی لیڤەرپوول رۆیشتووە لەگەڵ کۆمپانیای رێدبوڵ کاردەکات و سەرۆکی بەشی تۆپی پێی گرووپی کۆمپانیاکانی رێدبوڵە.
 
چاوەڕواندەکرێت لە هاوینی داهاتوودا، ریال مەدرید گۆڕانکاری گەورە بکات و دەستبەرداری چەند یاریزانێک ببێت، لەوانەش دەیڤد ئالابا و ئەنتۆنیۆ رۆدریگێر، بەهۆی دابەزینی ئاستیان و بەرزبوونەوەی تەمەنیان.
 
جگە لەوەش یانەی شاهانە چاوی لە تواناکانی چەند ئەستێرەیەکە بۆ ئەوەی گرێبەستیان لەگەڵ بکات، دۆمینیک سۆبۆزلای لە یانەی لیڤەرپوول، ئێنزۆ فێرناندێز لە یانەی چێڵسی دوو دیارترین ئەو ناوانەن کە ئەگەری هەیە ریال مەدرید هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەیان چڕبکاتەوە.