ریال مەدرید دوای 23 ساڵ رووبەڕووی ئۆڤیێدۆ دەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید دووەم یاریی خۆی لە لالیگادا ئەنجامدەدات و دوای 23 ساڵ جارێکی دیکە دەچێتەوە یاریگەی یانەی ئۆڤیێدۆ و رووبەڕووی ئەو یانەیە دەبێتەوە.
لۆس بلانکۆس لە یاریی یەکەمیدا سەرکەوتنێکی زەحمەتی بەرامبەر ئۆساسۆنا بەدەستهێنا، ئۆڤیێدۆ یاریی یەکەمی دۆڕاندووە و دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی بردنەوەیەکی مێژوویی بەرامبەر ریال مەدرید تۆماربکات.
ئەمە یەکەمجارە لە دوای ساڵی 2002ـەوە هەردوو یانە رووبەڕووی یەکدەبنەوە، ئەو کاتە ریال مەدرید لە قۆناخی سێیەمی جامی شای ئیسپانیا بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر لە ئۆڤیێدۆی بردەوە.
هەردوو یانە 85 جار رووبەڕووی یەکبوونەتەوە، ریال مەدرید 55 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، 14 جار دۆڕاوە و 16 یاریی نێوان هەردوو یانەش بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە، دوایینجار ئۆڤیێدۆ لە ریال مەدریدی بردبێتەوە لە ساڵی 1998 بوو لە لالیگادا.
یانەی ریال ئۆڤیێدۆ لە شاری ئۆڤیێدۆیە، یاریگەی بە ناوی کارلۆس تارتیێریییە و 30 هەزار و 500 کەس دەگرێت، پێشتر تەنیا لە یەک یارییدا 30 هەزار هاندەر لەو یاریگەیەدا ئامادەبوون، ئەویش یاریی یانەکە بووە بەرامبەر یانەی کادیز لە ساڵی 2015.
یارییەکە ئەمشەو کاژێر 22:30 دەکرێت و دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندی یانەی ریال مەدرید بەرەو ئۆڤیێدۆ بەڕێکەوت، کە شارەکە 450 کیلۆمەتر لە مەدریدی پایتەختەوە دوورە.