ئەوروپییەکان پێشبینی کلاسیکۆ دەکەن لە کۆتایی چامپیۆنزلیگدا

25-04-2015
رووداو وەرزشی
نیشانەکردن ئەوروپا، کۆتایی چامپیۆنزلیگ، کلاسیکۆ
A+ A-

رووداو - هەولێر 

هەرچەندە چوار تیپ رکابەری دەکەن لەسەر گەیشتنە یاری کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا لە وەرزی ئەمساڵدا، بەڵام زۆرینەی هاندەرانی وەرزش لە ئەوروپا پێشبینی دەکەن یاری کۆتایی پاڵەوانیەتییەکە لە بەرلین کلاسیکۆیەکی نوێی لێبکەوێتەوە.

ماڵپەری لی 10 سپۆرتی فرەنسی راپرسییەکی ئەنجامداوە و پرسیاری ئەوەی کردووە کام لەو چوار تیپە دەگەنە یاری کۆتایی پاڵەوانیەتییەکە؟

لە قۆناخی پێش کۆتاییدا ریال مەدرید بەرامبەر یۆڤینتۆس یاریدەکات، لە کاتێکدا بایرن میونشن و بارسێلۆنا رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە.

ئەوانەی بەشداریی راپرسییەکەیان کردووە، زۆرینەیان پێشبینی ئەوە دەکەن یاری کۆتایی خولەکە، کلاسیکۆیەکی نوێ بێت لە نێوان هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ریال مەدریدی ئیسپانیدا.

ماڵپەرەکە ئەنجامی راپرسییەکەی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا 39 لەسەدی دەنگدەران پێشبینی دەکەن یانەی ریال مەدرید یەکەم یانەی سەرکەوتوو بێت بۆ یاری کۆتایی و پاش ئەویش یانەی بارسێلۆنا رێژەی 37 لەسەدی دەنگەکانی هێناوە و بایرن میونشنی ئەڵمانی رێژەی دەنگەکانی لە راپرسییەکەدا 17 لەسەدە، لە کاتێکدا بەبڕوای دەنگدەران یۆڤینتۆس کەمترین هەلی گەیشتنە یاری کۆتایی هەیە و تەنیا 7 لەسەدی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

بەبڕوای دەنگدەران یاری کۆتایی لە بەرلین هەردوو یانەی ریال مەدرید و بارسێلۆنا لە یاری کۆتایی کۆدەکاتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە