رووداو کاتی گەیشتنی راهێنەری یانەی دهۆک ئاشکرا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
یانەی دهۆک بەشێوەیەکی فەرمی رێککەوتنی لەگەڵ ئەمیر ئازرەفشان، راهێنەری کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان راگەیاند و لە شوێنی مەسعود میراڵ دەبێتە راهێنەری یانەکە.
یانەی دهۆک لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "ئەمجارە راهێنەرەکەمان لە رۆژهەڵاتەوە دەبێت و کارگێڕیی یانەی دهۆک بەفەرمی رێککەوتنی لەگەڵ ئەمیر ئازرەفشان، راهێنەری کورد و خەڵکی ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان واژۆکردووە.'
ئەمیر ئازرەفشان لە سوێد لە دایکبووە، تەمەنی 37 ساڵە، بڕوانامەی پڕۆی لە کاری راهێنەرایەتیدا هەیە، لە وەرزی 2009-2010 وەکو یاریزان دەرکەوتووە و تاوەکو ساڵی 2019 لە چەند یانەیەکی جیاوازی سوێد یارییکردووە.
ساڵی 2014 دەستی بە کاری راهێنەرایەتی کردووە و لە تیپی لاوانی فالو بووەتە راهێنەر، دوای ئەوەش لە یانەی دالکورد، یاریدەدەری راهێنەر بوو، لە 2020 لە خولی ئالسڤێنسکانی سوێد بووە راهێنەری یانەی ئۆسترشوند کە یانەیەکی دیاری سوێدە و دوای ئەوەش راهێنەری یانەی دالکورد بووە.
ئەمیر ئازرەفشان، کوردییەکی باش دەزانێت، شێوازی دڵخوازی ئەو بۆ یارییکردن 4-2-3-1ـە، پێشتر راهێنەرایەتی هەریەکە لە هاروون ئەحمەد، پاشەنگ عەبدوڵڵا، رێوان ئەمین، بەختیار رەحمانی، بڕوا نوری و چەندین یاریزانی دیکەی دیار کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، درەنگانی ئەمشەو ئەمیر ئازرەفشان، راهێنەری نوێی یانەی دهۆک لە رێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە دەگاتە باشووری کوردستان، لەوێشەوە دەچێتە دهۆک و لە چەند رۆژی داهاتوودا بەفەرمی گرێبەستەکەی واژۆ دەکات و لەگەڵ یانەکە دەستبەکاردەبێت.
دەستنیشانکردنی ئازرەفشان وەکو راهێنەری نوێی یانەکە لەکاتێکدایە، ئەنجامەکانی یانەی دهۆک لە دوای بردنەوەی نازناوی جامی کەنداوەوە خراپن و لە دوایین دوو یارییدا دۆڕاوە.