چیرۆکێکى گواردیۆلا لاتینییەکە
ئەحمەد سەنگاوى کردوویەتى بە کوردى
خوان کارلۆس ئۆسێرۆ٬ راهێنەری ئێستای هەڵبژاردەی مەکسیک کاتێک تەمەنی ٣٥ ساڵ بوو٬ لە ساڵى ١٩٩٨، لە زانکۆى (جۆن مۆریس)ى شارى لیڤەرپووڵ سەرقاڵى خوێندن بوو، لەو ماوەیەدا ئۆسێرۆ، چەندجارێک داواى کرد٬ رێگەى بدەن تەماشاى مەشق و راهێنانەکانى یانەى لیڤەرپووڵ بکات، ئەوکات جیرارد هولییەى فەڕەنسى ئەرکى راهێنانى یانەى لیڤەرپوڵى لەئەستۆ بوو.
لەو سەردەمەدا هیچ رێگەیەکى ئەوتۆ نەبوو بۆ بەدەستخستنى زانیارى. چەند جارێک داواى لە پاسەوانان و ستافى راهێنانى لیڤەرپووڵ کرد، رێگەى بدەن٬ تەماشاى مەشقەکانیان بکات، بەڵام هەوڵەکانى ئاکامێکى نەبوو، بەڵام ئۆسێرۆ سووربوو لەسەر ئەوەى مەشقەکانى ئەو یانە ئینگلیزییە ببینێت.
بۆیە بیرى لە رێگەیەکى دیکە کردەوە، چونکە دەیویست لە مامۆستا فەڕەنسییەکە شتگەلێکى نوێ فێر ببێت، کە ستایڵێکى تەکتیکی تایبەت بەخۆى هەبوو، لە چۆنییەتى بەنۆرەیاریکردن بە یاریزان و چۆنییەتى فێرکردنى یاریزانەکان لە کردەى ڕۆتەیشن، قایلکردنى یاریزانەکان بەو بیرۆکانەى جیرارد هولییە بۆیان باس دەکات و روونی دەکاتەوە.
ئۆسێرۆ تەنیا دەیتوانى لە نزیک یاریگاى مەشقکردنى لێڤەرپووڵ، نیشتەجێ ببێ، هەرواشیکرد.
خاوەنى خانووەکە کەسێکى ئینگلیزیى- ئەمەریکى بوو، ئۆسێرۆ ئامانجى خۆى بۆ روونکردەوە، کە دەیەوێ لەم خانووەدا بژى، چونکە لە نهۆمى دوومى ئەو باڵەخانەیەوە دەیتوانى بەنهێنى تەماشاى مەشقەکانى لیڤەرپووڵ بکات.
خاوەن خانووەکە لە نهێنى ئەم تەماشاکردنە شاراوەى خوان کارلۆس ئۆسێرۆ تێنەگەیشت، بەڵام دواى یەکەم یەکتربینینیان خوێندکارە کۆڵۆمبییەکە٬ مەبەستى خۆى بۆ خاوەن خانووەکە روونکردەوە، کە زۆر سەرسامى چۆنییەتى مەشقدانەوەى ئەم راهێنەرە لێهاتووەى لیڤەرپووڵە، دەیبینی چۆن یاریزانەکانى هان دەدات بەشێوەى پێکەوەیى و وەک و یەک تیم یاریى بکەن.
پڕۆسەى بەنۆرەیاریکردنى نێوان یاریزانەکان و چۆنییەتى چڕبوونەوە و زیادکردنى ژمارەى یاریزان لەوشوێنەى پێویستە یاریزانەکان تێیدا بە کۆمەڵ جوڵە بکەن، هەروەها لە چۆنییەتى ئاڕاستەکردن و راڤەکردنى بیرۆکە تەکتیکییەکانى جیرارد هولییە ورد دەبووەوە، دەیبینى راهێنەرەکە چۆن یاریزانەکانى لە رووى جەستەییەوە ئامادە دەکرد.
ئەویش دەیویست بیرۆکە تەکتیکییەکانى ئەو راهێنەرە فەڕەنساییە وەک نموونەیەکى باڵا لە ئینگلتەراوە بۆ کۆڵۆمبیا بگوازێتەوە.
ئێستا کۆڵۆمبییەکان باشتر تێدەگەن، ئۆسێرۆ دەیویست چى بەدەستبهێنێ و دەرخواردى تۆپى پێى ئەمریکاى لاتین و کۆنکاکافى بدات.
ئەو خانووەى ئۆسێرۆ بەکرێى گرتبوو، خاوەن خانووەکە تەنیا یەک ژوورى نهۆمى دووەمى بەکرێ پێ دابوو، بۆیە لەو تاکە ژوورەدا کاتەکانى بۆ تێگەیشتن لە ماناکانى تەکتیک و بیرۆکەکانى ئەم راهێنەرە فەڕەنساییە تەرخان کردبوو.
هەموو رۆژێک بەرەبەیان خوان کارلۆس ئۆسێر زوو لە خەو هەڵدەستا، بەجۆرێک بەرلەوەى مایکل ئۆین، رۆبى فاولەر، ستیڤ ماکمانەمان، جیمى کاراگەر و ستیفەن جیرارد بکەن بە شوێنى مەشق و راهێنانەکان، ئۆسێرۆ هەموو ئامادەکارییەکى دەکرد، لەو ساتەوە ئۆسێرۆ هۆگری کارێک بووە، کە ئێستاشى لەگەڵ بێت، وەک خوییەک لەگەڵی راهاتووە، دەبێ بەردەوام پێنووس و پەڕاوی پێبێت، چونکە پێش هاتنى یاریزانەکان پێنووس و پەڕاوەکەی بەدەستەوە دەگرت و خۆی ئامادە دەکرد، تا سەرنج و تێبینییەکانى تێدا بنووسێت.
کۆمەڵێک پێنووسى رەنگاوڕەنگى هەبوو، کە زۆرترینى رەنگى سوور و شین بوو. چونکە ئەم دوو رەنگەی بۆ دیاریکردنی کاری راست و هەڵە دیاریی دەکرد٬ هەرچییەکیش بەبیریدا بهاتبا دەینووسییەوە.
بەوپێیەى کەشو هەواى ئینگلتەرا جێى متمانە نییە، تاوێک باران و تاوێک ساماڵ، بۆیە خۆى بۆ هەموو گۆڕانێکى کەشوهەوا ئامادە دەکرد، کاتێک باران دەبارى٬ ئۆسێرۆ گرفتی نەبوو چونکە پلانى B هەبوو.
لە کاتى بارانبارین لە پەنجەرەى ژوورەکەیەوە تەماشاى مەشقەکانى لیڤەرپووڵى دەکرد.
هەندێ جاریش گوێى بە بارینى باران نەدەدا. بۆیە بۆردێکى سپى کڕى و وێنەى یاریگایەکى تێدا دروست کرد و کۆمەڵێک قوتعەى شین و سوورى کڕى، کە وەک ئامرازێک لە جێگەى یاریزانان لەنێو یاریگەى لەسەر بۆردەکەی بەکارى دەهێنا.
دەیویست بەپێى جوڵەى نێو یاریگا و چۆنییەتى جوڵەى تەکتیکى یاریزانەکانى لیڤەرپووڵ، ئەمیش لەسەر بۆردەکە قوتعەکانى بجوڵێنێ، هەروەها بەبەردەوامیی کۆمەڵێک هێڵکاریى تەکتیکى لەسەر بۆردەکە دەکێشا.
ژوورە چکۆلانەکەى ئۆسێرۆ دەیان پەرتووکى تایبەت بە یارى تۆپى پێی تێدابوو، کە بە زمانى ئینگلیزى نووسرابوون.
هەروەها ژوورەکەى پڕبوو لە کاسێتى ڤیدیۆ٬ هەروەها ئامێری ڤیدیۆیی هەبوو VHS لەگەڵ کۆمەڵێک لە گرنگترین یارییەکانى خولى ئینگلیزى کە لە کاسێتی ڤیدیۆ تۆمارکرابوون.
رووبەرێکى بەرتەسکی بۆ جێگاى نووستنەکەى هێشتبووەوە، چونکە ژوورەکەى بە کەرەستە جۆربەجۆرەکان لەمەڕ تێگەیشتن لە تەکتیکى تۆپی پێ ئاخنرابوو. ئەمە پیشەى رۆژانەى خوان کارلۆس ئۆسێرۆ بوو، کە بۆ ماوەى دوو ساڵ لەو خانووەدا گیرسایەوە، بەو رێکخستن و ماندووبوونە ماسوولکەکانى ئەم راهێنەرە تەواو گرژبووبوون، بە جۆرێک ئەو دوو ساڵە جەستەى ئۆسێرۆى تەواو شەکەت کردبوو، بەڵام دواتر ئۆسێرۆ شەیداییەکى بێوێنەى بۆ هونەرى تۆپى پێ و کاری راهێنەریی بۆ دروستبوو.
سەرەتاى سەدەى نوێ٬ واتە ساڵانى 2000 بەدواوە و دواى تەواوکردنى خوێندنەکەى گەڕایەوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا. ئەوکاتەى ئۆسێرۆ رووى کردە شارى لیڤەرپووڵ بۆ خوێندن، دواى ئەوەى وەک یاریزان نەیتوانى زۆر بەردەوام بێت و کۆڵۆمبیاى شوێنى لەدایکبوونى جێهێشت.
ئەمە چیرۆکی سەرەتا چوونە نێو دنیای راهێنەری بوو بۆ ئۆسێرۆ.
ئەم چیرۆکە لێرە کۆتاییى نایەت و لە بەشى دووەم تەواوکەرى ئەم چیرۆکە دەکەم بە کوردى.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ