رووداو – هەولێر
یانەی ئوراوا رێد دایموندزی ژاپۆنی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیای بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لە یاریی گەڕانەوەی کۆتاییدا سەرکەوتنی بەسەر یانەی هیلالی سعودیدا بەدەستهێنا.
لە یاریی گەڕانەوەی کۆتایی پاڵەوانیەتییەکەدا یانە ژاپۆنییەکە میوانداریی هیلالی کرد و یارییەکەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لێبردەوە، دوای ئەوەی لە یاریی چووندا هەردوو یانە بە گۆڵێک یەکسانبوون و ئوراوا بە ئەنجامی هەردوو یاریی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوت و نازناوەکەی بردەوە.
دوای ئەوەی گێمی یەکەمی یارییەکە بەیەکسانبوون کۆتاییهات لە گێمی دووەمدا دوای کردنە دەرەوەی سالم دوسەری لە هیلال رافایێل سیلڤا لە خولەکی 88 گۆڵێکی بۆ ئوراوا تۆمارکرد و یانەکە بۆ جاری دووەم لە مێژوویدا نازناوەکەی بەدەستهێنا.
هاوکات یانە ژاپۆنییەکە سەرەتای مانگی داهاتوو بەشداریی جامی جیهانیی یانەکان دەکات، کە سەرەتای مانگی داهاتوو لە ئەبوزەبی لە ئیمارات دەستپێدەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ