رووداو دیجیتاڵ
مایکڵ ئۆلیسێ، یاریزانی یانەی بایرن میونشن، ئێستا بە یەکێک لە باشترین هێرشبەرەکانی جیهان دادەنرێت، ئەمەش وایکردووە ببێتە جێی سەرنجی یانە گەورەکانی ئەورووپا، کە دیارترینیان لیڤەرپوول و ریال مەدریدن.
یانەی بایرن میونشن لە هاوینی 2024 دا بڕی 60 ملیۆن یۆرۆی بە یانەی کریستاڵ پاڵاس دا بۆ گواستنەوەی ئەم ئەستێرە تەمەن 24 ساڵە، کە توانی خۆی وەک یاریزانێکی سەرەکی و ئەستێرە لە تیپە ئەڵمانییەکەدا بسەلمێنێت.
مایکڵ ئۆلیسێ لە 94 یارییدا لەگەڵ تیپە ئەڵمانییەکە 36 گۆڵی تۆمارکردووە و 46 ئەسیستی کردووە، هەروەها نازناوی خولی ئەڵمانی و جامی سوپەری ئەڵمانی لەگەڵیان بەدەستهێناوە.
لیڤەرپوول خەون بە گواستنەوەی ئەم ئەستێرە فەرەنسییەوە دەبینێت و بە باشترین جێگرەوەی محەممەد سەڵاحی دادەنێت، کە بەفەرمی رایگەیاندووە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا ریزەکانی یانەکە جێدەهێڵێت.
هەروەها باڵە فەرەنسییەکە سەرنجی فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدریدی راکێشاوە، کە بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان پێرێز ئامادەیە دەستەوارەیەک بەبڕی 160 ملیۆن یۆرۆ بۆ گواستنەوەی پێشکێش بکات، بەڵام کارگێڕیی بایرن میونشن نایەوێت دەستبەرداری ئەستێرەکەی ببێت و سوورە لەسەر مانەوەی، بەتایبەت کە گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی 2029 بەردەوامە.
بەگوێرەی گوتەی رۆژنامەنووسی ئەڵمانی 'کریستیان فاڵک'، کارگێڕیی بایرن میونشن بە لیڤەرپوول و ریال مەدریدی راگەیاندووە کە مایکڵ ئۆلیسێ بۆ فرۆشتن نییە، بەمەش دەرگای بەڕووی هەموو هەوڵەکاندا داخست بۆ گواستنەوەی ئەستێرەکەیان لەم کاتەدا.
یانە باڤارییەکە جەختی کردووەتەوە کە ئامادە نییە یاریزانە فەرەنسییەکە بفرۆشێت سەرەڕای ئەو دەستەوارە زەبەلاحانەی کە لەوانەیە بگەنە 200 ملیۆن یۆرۆ.
هەروەها ماکس ئایبەرل، بەڕێوەبەری وەرزشیی بایرن میونشن، رێگەی لە هەر هەوڵێک گرت بۆ راکێشانی یاریزانەکە و لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی بێڵد رایگەیاند "هەر یاریزانێک لە بایرن بێت دەزانێت لێرە خاوەنی چییە. گرێبەستەکەی مایکڵ لەگەڵ یانەکە تاوەکو ساڵی 2029 درێژ دەبێتەوە و هیچ مەرجێکی هەڵوەشاندنەوەی تێدا نییە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ