بەشێکی یاریزانانی بارسێلۆنا هەوڵدەدەن گریزمان ببەنە یانەکە

26-04-2018
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئانتوان گریزمان، هێرشبەری ئاتلێتیکۆ مەدرید
A+ A-

رووداو - هەولێر

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا رایانگەیاندووە، ئانتوان گریزمان، ئەستێرەی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید لەلایەن هاوڕێکانییەوە پاڵەپەستۆی خراوەتە سەر بۆ ئەوەی پەیوەندی بە بارسێلۆنا بکات.

رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی رایگەیاندووە، هەریەکە لە لوکاس دینی، ساموێل ئومتیتی و عوسمان دێمبێلی، یاریزانە فەرەنسییەکانی بارسێلۆنا هەوڵدەدەن گریزمان رازی بکەن رووبکاتە یانەکە.

رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، پێشهاتی نوێ هەن و یاریزانە گەورەکانی بارسێلۆنا لە رێگەی واتس ئاپەوە نامەیان بۆ گریزمان ناردووە بۆ ئەوەی رازیبێت پەیوەندی بە یانە کەتەلۆنییەکە بکات.

لەلایەکی دیکەوە سپۆرت دەڵێت، گواستنەوەی گریزمان بۆ بارسا گرێبەستێکی زۆرباش دەبێت کە نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی 100 ملیۆن یۆرۆیە و گرێبەستێکی گونجاو دەبێت لە هاوینی داهاتوودا.

دەستەی کارگێری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەیەوێت هێرشبەرە فەرەنسییەکە رازیبکات لەگەڵ یانەکە بمێنێتەوە، بەڵام پێشتر ئەو یاریزانە رایگەیاندووە، پێش دەستپێکردنی جامی جیهانی رووسیا داهاتووی خۆی یەکلاییدەکاتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە