بۆچى هازارد ناتوانێ کێبڕکێى خەڵاتى بالۆندۆر بکات

26-07-2018
ئەحمەد سەنگاوی
ئەحمەد سەنگاوی @ahmadsangawe
A+ A-

 

رەنگە هەموو ئەو کەسانەى بە ئاستبەرزییەکەى ئیدین هازارد سەرسامن، زیاد لە جارێک ئەو پرسیارەیان هەم لە خۆیان، هەمیش لەو کەسانە کردبێ، کە شارەزاى تۆپى پێن، داخۆ چ هۆکارێک وایکردووە کە ئەم ئەستێرە لێهاتووە تا ئێستا نەیتوانیوە یەکێک بێت لە سێ باشترینەکەى جیهان؟ ئایا مێدیا ستەم لەم یاریزانە دەکات و ئاستبەرزییەکەى بەنادیدەگیرێت؟



چاوەکان ئەوکاتە چوونە سەر قودرەتى هازارد کە ساڵى 2012 درێسى یانەى چێڵسى لەندەنیى پۆشى، بەڵام گەورەبوونى وەک ئەستێرە، بۆ ساڵى 2014 دەگەڕێتەوە. شێوازى یاریکردنى ئەم یانەیە، قودرەتى هازارد، ئەنجامەکانى چێڵسى، بەشێکن لە هۆکاری بایەهپێنەدانى مێدیا بە کارامەیى ئەم ئەستێرەیە، وەک یەکێک لە سێ باشترینەکەى جیهان، چونکە نە هازارد وەک تاکئەستێرە و نە چێڵسى وەک یانە، نەیانتوانیوە لانیکەم دوو وەرز لەسەر یەک لە چامپیۆنس لیگ ئەوروپا بەشداربن، تەنانەت نەشیانتوانیوە بەسەر خولى ئینگلیزیشدا زاڵبن. وەرزێک لە لووتکە و وەرزى دواتر نەگەیشتوون بە ((بیک فۆڕ))ى پرێمەر لیگ. ئەم ناجێگیریەى ئاست و ئەنجامى چێڵسى، هازاردى وەک ئەستێرەى ژمارەیەکى یانەکە، لە هەر یاریزانێکى دیکەى چێڵسى زیاتر باجەکەى داوە. چێڵسى 2014 دەبێتە پاڵەوانى پرێمەرلیگ، بەڵام بۆ وەرزى دواتر لە پلەى دەیەمى ریزبەندیى خۆى دەبینێتەوە. لە وەرزى 2016 – 2017 دەبێتەوە پاڵەوانى پرێمەرلیگ، بەڵام وەرزى دواتر، بۆ پلەى پێنجەمى خانەبەندیى پاشەکشێ دەکات. واتە وەرزێک لە خولى چامپیۆنس لیگ بووە، بۆ وەرزى دواتر لە هەمان خول بێبەشبوون. ئەم هەڵشکان و داکشانە ئاستەنگى بۆ یاریزانێک دروست دەکات، کە بجەنگێ بۆ بوون بە یەکێک لە باشترینەکانى جیهان. راستتر بڵێم چوار وەرزى رابردوو، چێڵسى لە چامپیۆنس لیگ ژمارەیەکى بەهێز نەبووە، بۆیە گرەوکردن لەسەر بالۆندۆر، پێویستیى بە ئاستبەرزى و گۆڵى زۆر و ئەنجام لە خولى ناوخۆ و ئەوروپا هەیە.


 

((هازارد وەک هێرشبەر، چێڵسى وەک تیپێکى بەرگریکار))

 

هازارد هێرشبەرە، بەڵام بۆ خراپى بەختى ئەو هەمیشە یانەکەى بە ستایڵى بەرگریى یاریی کردووە، یان ئەو راهێنەرانەى ئەرکى هونەریى یانەکەیان لەئەستۆ گرتووە، بە تەکتیکى بەرگریى یارییان کردووە، راهێنەر پەیڕەوى لە تەکتیکى بەرگریى بکات، هەمیشە بەرگریکار و گۆڵچى و ئیرتیکاز دەبن بە ئەستێرەى ژمارە یەکى یانەکە، بەڵام ئەو یانانەى بە تەکتیکى هێرشبەرى یاریى دەکەن، هەمیشە یاریزانانى هێڵى ناوەند و هێرشبەر دەبنە جێى سەرنج و ئەستێرەى کاراى یانەکە. ئەوەتا چێڵسى نازناوى وەرزى 2016 بەدەستهێنا، کەچى نگۆلۆ کانتى یاریزانى ئیرتیکاز بووە بە خاوەنى خەڵاتى باشترینى پرێمەر لیگ.

 

((ناجێگیریى دۆخى چێڵسى))

 

یەکێک لە گرفتەکانى ساڵانى پێشووى چێڵسى ئەوە بوو، کە یانەکە بەردەوامە لە گۆرینى راهێنەر و دەستبەرداربوونى یاریزان و هێنانى یاریزانى نوێ، ئەمەش کەشێکى ناجیگیرى تەکتیکى بۆ تیپەکە دروست کردووە و یاریزان ناچارە خۆى لەگەڵ بیرۆکەى راهێنەرى نوێ بگونجێنێ، لە هەمووى ئاریشەتر، ئەو راهێنەرانەى لە سەردەمى هازارد ئەرکى هونەرى ئەم تیپەیان لەئەستۆ گرت، کەسانى بەهێزبوون لە پەیوەست بە پابەندکردنى یاریزان بە ئەرک و بەرپرسیارێتى راهێنەرەوە بەتایبەت لە ناچارکردنى هازارد تا پاڵپشتیى تیپەکەى بکات لە دۆخى بەرگریدا.  بۆ نموونە مۆرینیۆ و کۆنتى، بە یارییەکى داخراو، بە تەکتیکى بەرگریى یارییان دەکرد، هەردووکیشیان بە کێشە و ئاڵۆزیى لەگەڵ سەرۆکى یانە و ژوورى جلگۆڕین بەشەڕهاتن لەگەڵ یاریزانەکان، ئینجا یانەکەیان جێهێشتووە، بۆیە ئەو کەشەى لەسەردەمى هازارد لە چێڵسى، لە رووى تەکتیکى و گۆڕینى راهێنەر و ئەنجام پێدا تێپەڕیوە، بەجۆرێک لە جۆرەکان هۆکارن بۆ ئەوەى هازارد نەتوانێ بیر لە ئامانجى گەورە بکاتەوە، بەتایبەت هەوڵدان بۆ دەستکەوتى گەورەى تاکەکەسى.

 

((بەهێزیى خولى پرێمەر لیگ))


گرفتێکى دیکە بەهێزیى خولى ناوخۆ و نەتوانینى دروستکردنى جیاوازییە لە خولى پرێمەر لیگ، کە ئەم ساڵانەى دوایى خولەکە ئەو قۆناخەى تێپەڕاند هاوشێوەى خولى ئیسپانى ململانێکە بۆ نێوان بارسێلۆنا و ریال مەدرید کورت ببێتەوە، یان بە چەشنى ناپۆلی و یۆڤنتۆس، بۆیە بوونى زیاد لە چوار رکابەر ئاستەنگى بۆ خێرا هاتنەپێشەوەى هازارد و زۆربەى ئەستێرە دیارەکانى ئەم خولە دروست کرد. لە خولى ئینگلیزیى یاریزانێک ناتوانێ لانیکەم دوو ساڵ لەسەر یەک خەڵاتى باشترین یاریزانى خولەکە وەربگرێت، بەڵام دەبینى لە ئیسپانیا هاوکێشەکە تەواو جودایە، باشترین یاریزانانى خولەکە، گۆڵکەرى خولەکە، بۆ دوو کاریگەرترین یاریزانى مێژوو کریستیانۆ و مێسى یەکلابووەتەوە، بەڵام چوار وەرزى رابردوو لە ئینگلتەرا خەڵاتى باشترینى خولەکە بەنسیبى ((هازارد، ریاز مەحرەز، نگۆلۆ کانتى و محەمەد سەڵاح))، بووە. گۆڵکەرى خولەکە لە وەرزى رابردوو بۆ سەڵاح بوو، دوو وەرزى پێشوو، هارى کین بوو، ئەمە لە کاتێکدا یانەکانیان بێ ئەنجام بوون و کاتێک ئەمان بوون بە گۆڵکەرى پرێمەر لیگ، یانەکانیان هیچ نازناوێکیان بەدەست نەهێناوە.


هازارد لە چوار وەرزى رابردوو کەمترین جار دووچارى پێکران بووە ، لە زۆرترین یاریى یانەکەى بەشداریى کردووە، کەچى بە بەراورد بەو رێژە زۆرەى یاریکردن، کەمترین گۆڵى تۆمار کردووە. لە چوار وەرزى رابردوو تەنیا لە 12 یاریى یانەکەى لە پرێمەر لیگ بێبەش بووە، کەچى هیچ وەرزێک تێنەپەڕیوە، هازارد بتوانێ 17 گۆڵ تۆمار بکات، هازاردێک لە چوار وەرز دا، لە کۆى ئەنجامدانى 139 یاریى، تەنیا 46 گۆڵى تۆمار کردووە. بەو ژمارە کەمەى تۆمارکردنى گۆڵ، چۆن دەتوانێ کێبڕکێى خەڵاتى باشترینى جیهان بکات، بەڵام یاریزانێکى وەک رۆناڵدۆ بە  تەنیا لە یەک وەرز لە 2014 – 2015 توانى 48 گۆڵ تۆمار بکات.

 

 واتە بە یەک وەرز لە چوار وەرزى هازارد گۆڵى زیاترى تۆمار کردووە. رێک پێچەوانەى هازارد، کریستیانۆ ژمارەى گۆڵەکانى زۆر لە ژمارەى ئەو یارییانەى بەشداریکردووە زیاتر بووە. ئەم تەحەدایەى کریس تەنیا لە خولى ئیسپانى نەکردووە تا پاساوەکە ئەوەبێت، کە خولى ئینگلیزى سەختە و گۆڵکردن لە خولى ئیسپانى ئاسانە، نا  رۆناڵدۆ لە 50 یاریى چوار وەرزى رابردوو بەشداریى کردووە و توانیویەتى 53 گۆڵ تۆمار بکات. واتە دیسانەوە ژمارەى گۆڵەکانى لە چامپیۆنس لیگیش لە ژمارەى یارییەکانى زیاتر بووە. کریستیانۆ لە چوار وەرزى پێشوو لە لالیگا 127 یاریى کردووە و توانیویەتى، 134 گۆڵ تۆمار بکات. لەوکاتەوەى هازارد پەیوەندیى بە چێڵسییەوە کردووە 208 یاریى  ئەنجامداوە و 69 گۆڵى تۆمار کردووە.


زمانى ژمارەکان، لۆژیکى هەڵسەنگاندن، ئەنجام و ئاست و دۆخى یانەکەى، هازارد و رۆناڵدۆ و مێسى، تەنانەت بۆ بەراوردکاریش نابن، چ جاى هازارد وەک ستەملێکراوێک وێنا بکرێت، گوایە بەهۆى کریستیانۆ و مێسییەوە کەس تێکۆشان و لێوەشاوەیى هازارد نابینێ.  با لە دەرەوەى هاوکێشەى مێسى و رۆناڵدۆ نموونەیەکى دیکە بۆ بەراوردکاریى هازارد بهێنمەوە، لیڤاندۆڤێسکى لەگەڵ یانەى بایرن میونشن لە چوار وەرزى رابردوودا بە ئەنجامدانى 126 یاریى، 106 گۆڵى تۆمار کردووە،  کەواتە لە هازارد کەمتر یاریى کردووە و دوو هێندەى ئەو بگرە زیاتریش گۆڵى تۆمار نەکردووە، هاریى کین لەگىڵ تۆتێنهام بە ئەنجامدانى 139 یاریى، لە پرێمەر لیگ، 105 گۆڵى تۆمار کردووە، کەواتە یاریزانگەلێکى شاستە لە ئیدین هازارد هەن، کە لەو کاریگەرتربوون لەگەڵ یانەکانیان، کە نەیانتوانیوە لە کێبڕکێى بەدەستهێنانى بالۆندۆر نزیک ببنەوە، خێرە هازارد فڕێبدرێتە نێو سێکوچکەى باشترینەکانى جیهان. لە هەر لایەکەوە هەڵسەنگاندن بۆ هازارد دەکەیت، رێگەکەى هێند ئاسان نەبووە کێبڕکێى خەڵاتى بالۆندۆر بکات. بۆیە پەراوێزخستنى ئەستێرەکەى یانەى بلوز، ستەمێکە خۆى لەخۆى کردووە، نەوەک ویژدانى دەنگدەرانى خەڵاتى بالۆندۆر.

 

 

((خەونى گەورە یاریزانى گەورە دروست دەکات))

 

هازارد خۆى بۆخۆى یاریزانێک بووە هەڵگرى خەون و ئامانجى گەورە نەبووە، نێوبانگى ئەم یاریزانە، کاریگەرییەکانى لە چێڵسى خولى پرێمەرلیگ و چامپیۆنس لیگ، دەبوو پاڵنەر بێت بۆئەوەى بیر لە یانەیەک بکاتەوە کە شیاوبێت بۆ کێبڕکێکردن و بەدەستهێنانى نازناوى بە کۆمەڵ و تاکەکەسى و بەدەستهێنانى خەڵاتى بالۆندۆر. تەنیا یەک وەرز گاریس بەیڵ ئاستێکى بەرزى لەگەڵ تۆتێنهام پێشکەش کرد، بۆ وەرزى دواتر هەموو هەوڵێکى دا، تا ئاست و خەونەکەى لەگەڵ یانەیەکى خاوەن ئامانج گرێ بدات بۆیە رووى لە ریال مەدرید کرد. لویس سوارێز کاتێک تێگەیشت خەونەکەى لەگەڵ ئامانجى لیڤەرپووڵ یەکناگرێتەوە، رووى لە بارسێلۆنا کرد. بۆیە کەسێک ستەمى لە هازارد کردبێ مێدیا نییە، مێسى و رۆناڵدۆ نییە، بەڵکو سستى و کەمتەرخەمییەکە بۆ خۆى دەگەڕێتەوە، خۆى خەونى بە ئامانجى گەورەوە نەبینیوە. 

 

پێى وابووە چێڵسى بۆ ئەو هەموو شتێکە.ئامانجەکانى خۆى، خەونەکانى خۆى، لە خەون و ئامانجەکانى چێڵسى گەورەتر نابینێ. تۆ دیققەت بدە، خەریکە کۆمەڵێک ئەستێرەى لاو بەلاى هازاردا تێدەپەڕن بۆ کۆنتڕۆڵکردنى عەرشى باشترینەکانى جیهان و خۆیان بۆ بقۆناغى دواى هەژموونى مێسى و رۆناڵدۆ بۆ ەدەستهێنانى بالۆندۆر ئامادە دەکەن، بۆ نموونە ئیمباپى، کۆوتینهۆ و چەندانى دیکە، نموونەى ئەو یاریزانانەن دوور نییە بەئاسانى بدەن بەلاى هازاردا. ئێستا پرسیار ئەوەیە ئایا هازارد لەسەر ئەم خۆکەنارخستە بەردەوام دەبێت و هیچ هەوڵێک نادات بۆ ساڵانى دادێ شەڕى بەدەستهێنانى خەڵاتە تاکەکەسیەەکانى ئەوروپا و جیهان بکات. ئەگەر ساڵانى رابردوو پاساوەکە رۆناڵدۆ و مێسى بێت، ئەى دواى کەوتنى ئەمان چى؟ ئەوکاتیش هەوڵبدەین بیانوویەک بۆ نەتوانینى هازارد بدۆزینەوە لەسەر ململانێکردن بۆ بەدەستهێنانى زە بێست و بالۆندۆر.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە