کلاسیکۆی مێسی و رۆناڵدۆ بۆ گواستنەوەی ئەستێرەیەک دەستپێدەکات

26-12-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ، پێشتر لە ئیسپانیا رکابەری سەرەکی یەکدی بوون، یەکێکیان لە بارسێلۆنا و ئەوەی دیکەشیان لە ریال مەدرید، رکابەریی ئەمجارەشیان هەر لە ئیسپانیایە، بەڵام ئەمجارە بۆ یاریی کردن نا.
 
هەردوو ئەستێرە دیارەکەی جیهان، سەرکردایەتیی هەوڵەکانی یانەکانیان دەکەن، بۆ ئەوەی لوکا مۆدریچ، ئەستێرەی کرواتی و یانەی ریال مەدرید رازی بکەن، پەیوەندی بە ریزەکانی یانەکانیانەوە بکات.
 
گرێبەستی لوکا لەگەڵ یانەی ریال مەدرید لە هاوینی ساڵی 2024 کۆتاییدێت، تاوەکو ئێستا روون نییە، یاریزانەکە گرێبەستەکەی نوێدەکاتەوە یان نا، هەردوو یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی و نەسڕی سعودیش رکابەری لەسەر گواستنەوەی یاریزانەکە دەکەن.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەیەوێت لەگەڵ لوکا مۆدریچ کۆببێتەوە، بۆ ئەوەی ئەستێرە کرواتییەکە رازیبکات پەیوەندی بە یانەی نەسڕەوە بکات، یانەکەشی ئامادەیە 30 ملیۆن یۆرۆ وەک مووچەی ساڵانە بداتە یاریزانەکەی ریال مەدرید.
 
لە بەرامبەردا مێسی، سێرخیۆ بوسکێس، لویس سوارێز و خۆردی ئەلبا لە یانەی ئینتەرمەیامی دەیانەوێت بۆ وەرزی نوێ رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکان بکەن، بۆ ئەوەش چاویان لەوەیە مۆدریچ ببێتە یەکێکی دیکە لە ئەستێرەکانی یانەکەیان.
 
هەوڵەکانی ئینتەرمەیامی بۆ گواستنەوەی لوکا مۆدریچ لەکاتێکدان، پێشتر دەیڤد بێکهام، سەرۆکی یانەکە چەندجارێک لەگەڵ مۆدریچ بینراوە و لە میدیادا وا بڵاوکرایەوە کە داهاتووی لوکا لە ئەمریکا و ئینتەرمەیامی دەبێت.
 
یانەی نەسڕ هاوینی رابردوو هەوڵی گواستنەوەی یاریزانەکەی دەدا، بەڵام یاریزانەکە ئامادەنەبوو لە یانەی ریال مەدرید بڕوات تاوەکو کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی.
 
ریال مەدرید دەیەوێت گۆڕانکاری لە تیپەکەیدا بکات، مۆدریچ تەمەنی 38 ساڵە و بە ئەگەری زۆرەوە ئەمە دوایین وەرزی دەبێت لە یانەی شاهانە، بەڵام دیارنییە لە کۆتاییدا کاروانەکەی دەباتە لای مێسی یان رۆناڵدۆ.
 
لوکا مۆدریچ لە ساڵی 2012ـەوە پەیوەندیی بە یانەی ریال مەدریدەوە کردووە، یاریزانەکە لەگەڵ یانەی شاهانە هەموو نازناوەکانی بردووەتەوە و لە 2018 لەو یانەیەدا خەڵاتی باڵۆن دۆری بۆ باشترین یاریزانی جیهان بەدەستهێنا.

 



 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە