کاناڤارۆ یەکەم دەستکەوتی وەک راهێنەر بەدەستهێنا

27-02-2018
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن فابیۆ کاناڤارۆ، راهێنەری گوانژۆ
A+ A-

رووداو - هەولێر

فابیۆ کاناڤارۆی ئیتاڵی، یەکەم بردنەوەی دوای گەڕانەوەی بۆ راهێنەرایەتی یانەی گوانژۆ ئێڤێرگراند لەگەڵ پاڵەوانی چین بەدەستهێنا و دوای بردنەوەی لە شەنگەهای شینوای بە 4-1 یەکەم دەستکەوتی وەک راهێنەر بەدەستهێنا و بووە پاڵەوانی جامی سوپەری چین.

لە خولەکی 26 هوانگ بوین گۆڵی یەکەمی بۆ گوانژۆ تۆمارکرد، بەڵام لە خولەکی 36 فرێدی گوارین ئەنجامەکەی بۆ شەنگەهای یەکسانکردەوە، دوای ئەو گوانژۆ باشتر دەرکەوت و ئالان کارڤالیۆ لە خولەکی 43 گۆڵی دوەمیشی بۆ تیپەکەی کاناڤارۆ تۆمارکرد، لە گێمی دووەمدا گاو لین و ریکاردۆ گولارت دوو گۆڵی دیکەیان بۆ یانەکە تۆمارکرد، کە ئەمەی دووەمیان بەلێدانی سزابوو و گوانژۆ یارییەکەی بە 4-1 بردەوە و بووە پاڵەوانی جامی سوپەری چین کە لە ساڵی 2012ەوە چوارەمجارە نازناوەکە دەباتەوە.

دوای یارییەکە فابیۆ کاناڤارۆ دڵخۆشی خۆی بەرامبەر بردنەوەی نازناوەکە پێشاندا و گوتی، من ئەمڕۆ زۆر دڵخۆشم، نەک تەنیا بەهۆی بردنەوەی نازناوەکە، بەڵام بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەش کە یانەکەم پێشکەشیکرد.

لە ساڵی 2015 فابیۆ کاناڤارۆ بووە راهێنەری یانەی گوانژۆ، دوای شەش مانگ مانەوە یانەکەی بەجێهێشت، لە 2018 جارێکی دیکە گەڕایەوە یانەکە و تاوەکو ئێستا 3 یاریی ئەنجامداوە دوو یاریی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا یەکسانبووە و یارییەکیش جامی سوپەری چینی بردەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە